ئه‌مریكا په‌یامه‌ تونده‌كه‌ى گه‌یانده‌ سودانى

عیراق

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 10096 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامداو په‌یامى توندى وڵاته‌كه‌ى به‌عێراق گه‌یاند، وتویه‌تى، "دەبێت بڕیارەکانتان دروست بێت، ئەگەر حکومەتی عێراق لەژێر دەسەڵات‌و کاریگەری ئێران بمێنێتەوە، هەرگیز لەکێشەو گرفتەکانی ناوچەکەش ڕزگاری نابێت".


وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و ورده‌كاریى ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنیه‌ى ڕۆبیۆو سودانى ئاشكراكردوه‌و ده‌ڵێت، "سه‌ره‌تا ڕۆبیۆ لەپای گواستنەوەی زیندانیانی داعش لەسوریاوە بۆ عێراق، سوپاسی حکومەتی عێراقی کردوە".

سه‌باره‌ت به‌پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیش، ڕۆبیۆو سودانی باسیان لەگفتوگۆ بەردەوامەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەت کردوە، به‌ڵام ڕۆبیۆ، جەختیکردوه‌ته‌وه‌، "ئەمریکا به‌گوێره‌ى پێویست هاوکار دەبێت تاوه‌كو عێراق بتوانێت بەتەواوی تواناکانی خۆی وەک هێزێک بۆ سەقامگیریی‌و خۆشگوزەرانیی‌و ئاسایش لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدیبهێنێت".

ڕۆبیۆ بەسودانی وتوە، "عێراق لەتوانایدایە ببێتە هێزێکی سەقامگیری بەهێز، بەڵام دەبێت بڕیارەکانتان دروست بێت، ئەگەر حکومەتی عێراق لەژێر دەسەڵات‌و کاریگەری ئێران بمێنێتەوە، هەرگیز ناتوانێت بەرژەوەندییەکانی خۆی بخاتە پێش‌و لەکێشەوگرفتەکانی ناوچەکەیش ڕزگاری نابێت‌و پەیوەندیی‌و هەماهەنگی لەنێوان واشنتۆن‌و بەغدادیش پێشناکەوێت".