له‌سێ میحوه‌ره‌وه‌ هێرش بۆسه‌ر كۆبانێ ده‌ستیپێكردوه‌و هه‌سه‌ده‌ش هۆشداریى ده‌دات

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 7600 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "دیمەشق بەردەوامە لەپێشێلکارییەکان‌و پابەندی ئاگربەست نییە"، ده‌شڵێت، "له‌سێ میحوه‌ره‌وه‌ هێرش بۆسه‌ر كۆبانێ ده‌ستیپێكردوه‌و تائێستاش به‌رده‌وامه‌".


هەسەدە له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاشكرایكردوه‌، سەرەڕای چونە بواری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەئێوارەی دوێنێوە، هێزەکانی سەر بەدیمەشق بەردەوامن لەپێشێلکارییە مەترسیدارەکانیان بۆسەر ناوچە ئاوەدانەکانی هەرێمی جەزیرەو کۆبانێ.

له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا هاتوه‌، "ئەم هێرشانە کە بەپێشێلکردنی ڕاشکاوانەی ڕێککەوتنەکەو هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی مەدەنییەکان دادەنرێت، لەکاتژمێر 10ی بەیانییەوە بەهێرشێکی زرێپۆش بۆسەر میحوەری جەلەبیە لەباشوری ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ دەستیپێکردو تێکشکا، بەڵام هێرشەکان لەکاتژمێر 12ی نیوەڕۆوە بۆسەر گوندەکانی زرک‌و قاسمیە لەگوندەواری ڕۆژئاوای کۆبانێ درێژەی کێشا".

باس له‌وه‌شكراوه‌، "لەئەنجامی تۆپبارانی گوندی قاسمیە لەکاتژمێر 6ی ئێوارەدا، منداڵێک شەهیدبوو و سێ ئەندامی دیكه‌ی هەمان خێزان برینداربون، زنجیرە هێرشەکان بەبەکارهێنانی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ بۆ سەر گوندی "قری" لەگركێ لەگێ‌و دواتر بۆردومانی گوندی سەفا لەگوندەواری جەل ئاغا بەردەوامبوو، کە زیانی مادی زۆریان لێکەوتەوە".

هه‌سه‌ده‌ دەشڵێت، "به‌گوێره‌ى ئامارەکان، تا ساتەوەختی ئامادەکردنی ئەم ڕاگەیەندراوە، چوار شەڕڤانی هێزەکانمان برینداربون‌و هێرشەکان بۆسەر میحوەرەکانی باشورو ڕۆژئاوای کۆبانێ هێشتا بەردەوامن". 

هەسەدە لەبەیاننامەکەیدا ڕایدەگەیەنێت، "ئێمە لەناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، داوا لەلایەنە دەستەبەرەکانی ئاگرەبەست دەکەین، بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن‌و سنورێک بۆ ئەم پێشێلکاریانە دابنێن‌و گروپەکانی دیمەشق ناچاربکەن پابەندی ڕێککەوتنەکەبن‌و پاراستنی گیانی هاوڵاتییان مسۆگەربکەن".