شارپرێس:
دۆناڵد ترهمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاستی گرژییەکانی لەگەڵ ئێران گەیاندوهتە لوتکە، ئەمەش دوای ئەوەی فەرمانیکرد بەناردنی کەشتیگەلی گەورەی "ئەرمادا" بەرەو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە وەک پەیامێکی هەڕەشەی ڕاستەوخۆو ئاشکرا بۆ تاران لێکدەدرێتەوە.
ئەم جموجۆڵە سەربازییە شەپۆلێکی نیگەرانی نێودەوڵەتی لێکەوتوهتەوەو مەترسی ئەوە هەیە ناوچەکە بەرەو ڕوبەڕوبونەوەیەکی سەربازیی فراوان بڕوات کە ڕەوتی ڕوداوەکان بگۆڕێت.
شارەزایانی ستراتیژیی پێیانوایە، تاران لەئێستادا لەبەرامبەر ئەم هێزە گەورەیەی ئەمریکا، گرەو لەسەر "ئارامیی ستراتیژیی"و تەمومژاویبونی سەربازیی دەکات نەک هێرشی پێشوەختە، چونکە بڕوایان وایە سەرکەوتن بۆ ئەو لایەنەیە کە دەتوانێت ڕیتمی قەیرانەکە کۆنترۆڵ بکات نەک ئەوەی یەکەم فیشەک دەتەقێنێت.
بەڵام لەگەڵ ئەم بڵاوبونەوە پێوانەییەی سوپای ئەمریکا، هەندێک لەچاودێران دەڵێن، ڕەنگە چیتر "ئارامیی ستراتیژیی" لەبەرژەوەندیی ئێراندا نەبێتو تاران ناچاربێت بەرەو وەڵامدانەوە هەنگاوبنێت، پێشتریش ترهمپ لەدواساتەکاندا بڕیاری هێرشکردنەسەر ئێرانی هەڵوەشاندەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بۆی دەرکەوت کە وڵاتە هەرێمییە کاریگەرەکان پشتیوانیی لەو هەنگاوە ناکەن.
لێکۆڵەران ئاماژە بەوەدەکەن، هێرشی پێشوەختە لەئەجێندای ئێرانییەکاندا نییە، چونکە ئەوە لەگەڵ عەقیدەی بەرگریی تاران ناگونجێتو وای لێدەکات بکەوێتە ناو جەنگێک کە واشنتۆن کاتو شوێنەکەی دیاریکردوە.
تاران دەزانێت کە ترهمپ بەدوای پێکدادانێکی سنوردارو کورتخایەندا دەگەڕێت بۆ ئەوەی وێنەی سەرکەوتن لەناوخۆی ئەمریکا نیشانبدات، بەبێئەوەی خۆی تێوەبگلێنێت لەجەنگێکی درێژخایەن.
ئێستا هێزە ئەمریکییەکان لەناوچەکە گەیشتونەتە ئاستێکی بێپێشینە، کە بریتییە لەناردنی نزیکەی 45 ههزار سەربازی زیادە کە ئەمەش بەڕێژەی 30% زیاترە بەراورد بەساڵی 2025.
هەروەک گەیشتنی دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگر بەناوەکانی "یو ئێس ئێس ئایزنهاوەر"و "ئەبراهام لینکۆڵن"و 12 کەشتی جەنگی موشەکهەڵگرو ژێر دەریایی ئەتۆمی، بۆ کۆنترۆڵکردنی گەروی هورمزو ڕێڕەوە دەریاییەکان تەرخانکراون.
لەڕوی ئاسمانیشەوە، 150 فڕۆکەی جەنگی لەجۆری F-35 و F-22 لەگەڵ پاترییەکانی پاتریۆتو ساد جێگیرکراونو ڕۆژانە 50 گەشتی هەواڵگریی ئەنجامدەدرێت.
هیشام مەعتەزەد توێژەری ستراتیژیی، پێیوایە تاران ئەم دۆخە وەک شەڕێکی دەرونی دەبینێت نەک بڕیارێکی کۆتایی بۆ جەنگ، تاران دەیەوێت کات وەک چەکێک بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی تێچوی سیاسییو دارایی لەسەر ئەمریکا زیادبکاتو چاوەڕێدەکات ناکۆکی لەنێوان ئامانجە سنوردارەکانی ئەمریکاو ئامانجە توندڕەوەکانی ئیسرائیل دروستببێت.
لەلایەکی دیكهوه، پڕۆفیسۆر خزر زەعرور دەڵێت، سیستەمی "ئارامیی ستراتیژی" خەریکە کۆتایی دێتو ئەگەر ئەمریکا هێرشێکی گشتگیر بکاتەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان یان سەرکردایەتیی ئێران، ئەوا تاران جەنگێکی کراوە ڕادەگەیەنێتو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل لەهەموو شوێنێک دەکاتە ئامانج.
تاران هیوای بەهەڵوێستی وڵاتانی دراوسێ هەیە کە نایانەوێت ببنە بەشێک لەم شەڕە، ئەمەش وایکردوە ئێران بەزمانێکی توند قسە بکات.
ئەگەرچی تاران ئامادەیی بۆ وەڵامدانەوە نیشاندەدات، بەڵام هێشتا وەک ستراتیژێک هەوڵدەدات لەفەزای "خوار جەنگ"دا بمێنێتەوەو تەنها پەیامی هۆشدارکەرەوە بنێرێت بۆ ئەوەی ڕێگریی لەجەنگی ماڵوێنکەر بکات، چونکە دەزانێت ترهمپ هێز وەک ئامرازێکی فشار بۆ گفتوگۆ بەکاردەهێنێت نەک بۆ جەنگی هەتاهەتایی.
لەکۆتاییدا دەڵێت، "تاران خاوەنی ئەو چەکگەلێکە کە ڕەنگە بۆ یەکەمجار بەکاریبهێنێت بۆ لێدانی تەلئەبیب، لەسەر ئەو بنەمایەی کە "ئازاردانی ئێران بەواتای ئازاردانی ئەمریکاو ئیسرائیلە"، هێرشی ئەمریکا".
