دارایی هەرێم هۆشداری توند بەژمارەیەك موچەخۆر دەدات...موچەی مانگی یەكیان ڕادەگرێت

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4942 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من کۆبوەوەو ڕایگەیاند، تیشک خرایە سەر دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەو بڕیاریان داوە بۆ موچەی مانگی یەك ئەو موچەخۆرانەی هەژماری منیان نیە موچەكانیان ڕابگرن.


وەزارەتی  دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە، جەخت لەسەر  جێبەجێکردنی بڕیاری وەزارەتی دارایی کرایەوە بۆ ڕاگرتنی موچەی مانگی یەکی ئەو فەرمانبەرو موچەخۆرانەی خۆیان لەپڕۆژەی (هەژماری من) تۆمار نەکردوە یاخود کارتی بانکییان تەواو بوەو کارتەکانیان وەرنەگرتوەتەوە.

هەر لەكۆبونەوەکەدا بڕیاردرا ڕێكاری پێویست لەگەڵ ئەو بانکانە بگیرێتەبەر کە لەمانگەکانی ڕابردوو کێشەی نەبونی سەنتەری پەیوەندی و درەنگ پڕکردنەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارەو کەمی ئامێریان  ( ATM) هەیەو هۆشداری توندیان پێ بدرێت بۆ چارەسەری بنەڕەتی ئەو کێشانە.

وەزارەتی  دارایی جەختی کردوەتەوە، هاوکات پرسی کێشەکانی بانکی بازرگانی عێراقی (TBI) یەکێکی تر بوو لەتەوەرەکانی کۆبونەوەکە کە لەماوەی ڕابردودا ئەو بانکە چەندین کێشەی هەبوە لەوانە کێشەی تەکنیکی بەردەوام و دانەنانی ئامێری ڕاکێشانی پارە لەقەزا و ناحیەو ئیدارە سەربەخۆکان و نەبونی سەنتەری پەیوەندیکردن و کەمی ئامێری ڕاکێشانی پارە لەسەنتەری پارێزگاکان و درەنگ پڕکردنەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە، بەو هۆیەوە بەشێکی زۆری ئەو فەرمانبەرانەی لەو بانکە ناوی خۆیان تۆمار کردبوو لەئێستادا بەشێوەی ئارەزومەندانە دەگوازرێنەوە سەر بانکی دڵخوازی دوەمی خۆیان و ئیجرائاتی پێویستیش لەگەڵ بانکی ناوبراو دەکرێت ، هەر بانکێکیش توشی سزا و سنوردارکردنی خزمەتگوزارییەکان ببێتەوە لەپڕۆژەکە دور دەخرێتەوە، ئەم هەنگاوانەش هەر بانکێک دەگرێتەوە کە پابەند نەبێت بەڕێنماییەکان و نەتوانێت باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بەموچەخۆران بکات.       

بەپێی  ڕاگەیاندراوەکە، لەبەشی کۆتایی کۆبونەوەکەدا تیشک خرایە سەر هەنگاوەکانی تۆمارکردنی خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەپڕۆژەی (هەژماری من)، کە لەکۆی 455 هەزار سودمەند تا ئێستا 438 هەزاریان زانیارییەکانیان وەرگیراوە و زیاتر لە 354 هەزار کەسیشیان لەپڕۆژەکە تۆمار کراون و لەئایندەیەکی نزیکدا سەرجەمیان تۆمار دەکرێن.

ئاماژە بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ جوتیاران کرا کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە پرۆسەکە دەستی پێکردووە بەئامانجی ئەوەی سەرجەم جوتیاران ببنە خاوەن هەژماری بانکی و شایستەی فرۆشتنی بەرهەمەکانیان لەڕێی کارتی بانکییەوە وەربگرن. 

 

بەپێی دوایین ئامارەکان تا ئێستا زیاتر لەیەک ملیۆن فەرمانبەر و موچەخۆرو سودمەندان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کراون و بۆ مووچەی ئەم مانگە نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لەڕێگەی (هەژماری من) موچە وەردەگرن.