حزبی زەحمەتکێشان پشتیوانییەكی ڕاگەیاندو داوایەك لەحزبە سیاسیەكان دەكات

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4286 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان پێشوازی لەمانیفێستی بەرپرسیارێتی مێژویی و نەتەوەسازی بۆ پشتگیریكردن لەڕۆژئاوای كوردستان كردو پەیامێك ئاڕاستەی حزبە سیاسییەكانی كوردستان دەكات و دەڵێت،"هەتا درەنگ نەبوە، لەو ساتەوەختە مێژوییە هەستیارەدا، با لەدەرەوەی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستیی نەمێننەوەو یەکهەڵوێستی لەچوارچێوه‌ی گوتارێکی سیاسی هاوبەش گەڵاڵە بکرێت".

مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لەڕاگەیەدنراوێكدا لەبارەی بەرفراوانی خۆپیشاندانەكانی خەڵكی كوردستان لەناوچە جیاوازەكان بۆ پشتگیریكردن لەڕۆژئاوای كوردستان دەڵێت،" ئەم هاودەنگی و کۆدەنگییە، دەستپێکی قۆناغێکی نوێی یەکڕیزییە، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ پڕۆژەی نەتەوەسازی و ڕەنگڕێژکردنی ستراتیژیی کوردستانی".

لەدرێژەی پشتیوانی و پەیامەكەیدا جەخت دەكاتەوە كەلە سۆنگەی هاوهەڵوێستی و بەرپرسیارێتی نەتەوەییان پێشوازی لەپەرۆشی و هەوڵی خەمخۆرانەی نوسەران، ڕۆشنبیران، ئەکادیمیست و چالاکانی مەدەنی و ئەنجومەنەکانی پشتیوانی لەڕۆژاوا دەکەن  و دەڵێت،" هیوادارین ئەم تێکۆشانە بەرهەمدارە بەردەوامی هەبێت و ببێ بە بناغەیەکی پتەو بۆ کاری هاوبەشی نیشتمانی. با پێکەوە لەهەڵمەتی بەهاناوەچوونی ڕۆژاوای کوردستان و بەرەنگاربونەوەی ئاڵنگاریەکان بەردەوام بین و  مەترسییەکانی ڕەوشەکە بگۆڕین بۆ دەرفەت و گەیاندنی دەنگی ناڕەزایی خەڵکی کوردستان بەهەموو جیهان".

هاوکات حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بانگ لەحزبە سیاسییەکانی کوردستان دەکات و دەڵێت،" هەتا درەنگ نەبوە، لەو ساتەوەختە مێژوییە هەستیارەدا، لەدەرەوەی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستیی نەمێننەوەو پێویستە ناکۆکییە لاوەکییەکان بەلاوە بنێن و یەکهەڵوێستی لەچوارچێوه‌ی گوتارێکی سیاسی هاوبەش گەڵاڵە بکرێت و کۆتایی بەلێکترازان بهێنرێت و پەلە لەکاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی بنکە فرەوان بکرێ".