شارپرێس:
بەرپرسی دیسكی مافی مرۆڤ لەڕێكخراوى سی پی تی، بەڵگەی چەندین كۆمەڵكوژيی گەورەو مەترسیدار لەڕۆژئاوای كوردستان ئاشكرادەكات كە لەلایەن هێزەكانی سەر بەئەحمەد شەرعەوە بەرامبەر كورد ئەنجامدەدرێن و ئەو ڕاستیەش دەدات بەگوێی جیهاندا كە،" ئامانج لەشەڕ هەسەدە نیيە، ئامانجی سەرەكی كۆمەڵكوژكردنی كوردە".
كامەران عوسمان بەرپرسی دیسكی مافی مرۆڤ لەڕێكخراوى سی پی تی ئاشكرایكرد، ئەوەی باسدەكرێت شەڕی سوریا، لەنێوان هەسەدەو حكومەتی سوریادایە بەهیچ جۆرێك ڕاست نیيەو حكومەتی دیمەشق ئامانجی سەرەكی جەختكردنەوەیەوە لەكۆمەڵكوژكردنی كورد نەك هەسەدە.
جەختیكردەوە، كۆبانێ بەتەواوی گەمارۆدراوەو تەنها یەك ڕێڕەو كراوەتەوە ئەویش تەنها بۆ ئەوەیە كە چەكدارانی شەرع بچنه ناو كاروانە مرۆیییەكانەوەو داخڵی ناو كۆبانێ ببن، لەبەرامبەردا شەرڤانان هەموو كاروانەكان دەپشكنن تا تەواو كۆبانێ بپارێزن".
ئەو مەترسییەش ئاشكرادەكات، كورد لەژێر كۆمەڵكوژییەكی گەورەدایەو دەڵێت،"ئەمانە هەموی بەبەڵگەو دیكۆمێنت هەیەو پارێزراون كە چ كۆمەڵكوژییەكی گەورە لەسەرجەم ناوچەكان و بەتایبەت كۆبانێ كراوەو دەكرێت كە لەمیدیاكاندا باسنەكراوە".
یەكێك لەوانە دەگێرێتەوە، كە لەڕۆژی 19ی مانگی یەك كۆمەڵكوژییەكی زۆر گەورە ئەنجامدراوە كە 40 خێزان لەتەبقەوە دەیانەوێت بگەنە رەققە، ئەمانە هەمویان كۆمەڵكوژكراون و كراونەتە ناو پرۆژەیەكی ئاودێری بەناوی سەباح خێر كەزیاتر لە100 كەس بون و منداڵی دوو ساڵ و نیوی تێدابوە فیشەك بەسەریانەوە نراوە.
كۆمەڵكوژییەكی دیكە ئاشكرادەكات، خێزانێك دەیانەوێت لەڕەققەوە بچنە حەسەكە لەرێگەدا لەلایەن گروپێكەوە تەقەیان لێدەكرێت و سەرۆك خێزانەكەو ژنەكەو بوكەكەیان دەكوژرێن، ژنيش هەیە دەستدرێژیكراوەتەسەر، دواتر كوژراوە، بەبەڵگەوە، "پێویستە لیژنەیەك دروستبكرێت بۆ بەدواداچونی ئەو كۆمەڵكوژیانەو دۆزینەوەی تەرمەكانیان".
كامەران عوسمان، بانگهێشتی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكات و دەشڵێت، "لەرۆژئاوادا زیاتر لە 91 رێكخراوی نێودەوڵەتی هەیە كە لەئێستادا هیچی تێدا نەماوەو لەلایەن حكومەتی سوریاو گروپە چەكدارە جیاوازەكان و گروپە عەرەبە سورییەكانەوە ئۆفیسەكانیان بەتەواوی سوتاوەو چۆڵكراون، لەكاتێكدا ئێستا ڕۆژئاوا پێویستی بەڕێكخراوەكانەوە تا بەڵگەكان تۆماربكەن و هاوكاری خەڵكی سڤیل بكەن".
لەبارەی بێسەروشوێنبونی چەندەها كەسی سڤیل ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، لەماوەی دوو بۆ سێ ڕۆژی ڕابردودا زیاتر لە 125 كەس لەكاتی ئاوارەبوندا بێسەروشوێنن و تائێستا چارهنوسیان نادیاره.
لەبارەی ئاگربەستی نێوان هەسەدەو حكومەتی سوریا ئەو ڕاستیە بۆ جیهان دەخاتەڕوو كە ئاگربەست شكێنراوەو دەڵێت، "گرفتی ئاگربەستەكە ئەوەیە، وەفدی ئەنەكەسەو هەسەدە لەهەولێر بون لەكاتی كۆبونەوە بۆ ماوەی پێنج كاتژمێر لەگەڵ نوێنەری ئەمریكا بون، هەر لەوكاتەدا لەلایەن حكومەتەكەی ئەحمەد شەرعەوە كۆمەڵكوژيی گەورە بەرامبەر كورد كراوە".