دەمپارتی مێزی قەیرانی بۆ ڕۆژئاوا پێكهێناو هۆشداری لەدۆخی مرۆیی ناوچەكە دەدات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 168 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی دەمپارتی مێزی قەیرانی بۆ تاوتوێكردنی دۆخی مرۆیی لەڕۆژئاوای كوردستان ڕاگەیاندو دەڵێت،" ناتوانن وەک سیاسەتڤان تەنیا تەماشاکەربن کاتێک منداڵان لەبەر نەبونی سوتەمەنی و سەرما ڕەقدەبنەوە".


ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی) لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەئەنقەرە ڕایگەیاند، پارتەکەیان مێزی قەیرانی بۆ تاوتوێکردنی دۆخی مرۆیی لەڕۆژئاوای کوردستان پێکهێناوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەست بەجموجوڵێکی چڕی دیپلۆماسی دەکەن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو قەیرانە گەورە مرۆییەی لەناوچەکەدا دروست بوە.

وتەبێژی دەم پارتی بەوەبیرهێنانەوەی 11یەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی کۆبانێ لەدەستی داعش لە 26ی کانونی دوەمی 2015، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئێستا شارەکە دوبارە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سوریاوە گەمارۆدراوەو جەختی کردەوە کە پرسی کۆبانێ پرسێکی مرۆییەو ئازادیی ئەو شارە بەئازادیی گەلان دادەنرێت.

ئایشەگوڵ دۆغان داوای لەحکومەتی تورکیا کرد دەروازە سنورییەکانی مورشدپنارو نسێبین بەڕوی هاوکارییە مرۆییەکاندا بکاتەوەو هۆشدارییدا کە ناتوانن وەک سیاسەتڤان تەنیا تەماشاکەربن کاتێک منداڵان لەبەر نەبونی سوتەمەنی و سەرما ڕەقدەبنەوە.

وتەبێژەكەی دەمپارتی ئەوەشی ڕونكردەوە، كە  شارەوانییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان ئامادەن بۆ گەیاندنی کۆمەک، بەڵام داخستنی دەروازەکان ڕێگرە.

دۆغان نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بەکارهێنانی هێز دژی ئەو چالاکییانە دەربڕی کە بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوا ڕێکدەخرێن، بەتایبەتی برینداربونی پەرلەمانتار جەلال فرات لەئیستەنبووڵ. هەروەها ڕەخنەی لەسزادانی ئەو ژنانە گرت کە وەک ناڕەزایەتی پرچی خۆیان بڕیوەو ئەو هەنگاوەی بە بەرگریی ڕوناکی دژی تاریکی وەسف کرد.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وتەبێژی دەم پارتی داوای لەئەنقەرە کرد واز لەتاکتیکی کات بەفیڕۆدان بهێنێت و ڕۆڵێکی بنیاتنەرانە لەسوریا بگێڕێت. 

دۆغان پرسیاری ئەوەی ئاراستەی بەرپرسانی تورکیا کرد کە ئایا دەستکەوتەکانی کورد وەک هەڕەشە دەبینن یان وەک دەستکەوتی خۆیان و وتی،" بەعەقڵییەتێکی سەربازی سەقامگیری لەسوریا مسۆگەر نابێت".