ئێران و ئەمریکا ڕۆژی هەینی لەئەستەنبوڵ کۆدەبنەوە

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 142 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێکی ناوچەیی ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، ئەولەویەتی گفتوگۆکانی ئەم هەفتەیەی نێوان ئێران و ئەمریکا لە شاری ئەستەنبوڵ، دوورکەوتنەوە لە هەر جۆرە پێکدادانێکی سەربازی و کەمکردنەوەی ئاستی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوولایە.

 
 هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بانگهێشتنامە بۆ کۆمەڵێک لە هێزە کاریگەرەکانی ناوچەکەش نێردراوە بۆ ئەوەی لەم پرۆسەیەدا بەشدار بن.

ئەو بەرپرسە، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاشکرای کردووە کە وڵاتانی وەک پاکستان، سعودیە، قەتەر، میسر، عومان و ئیمارات لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە بانگهێشت کراون. بڕیارە کۆبوونەوەی سەرەکی ڕۆژی هەینی لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەبچێت، چونکە دەسپێکردنی دیالۆگ بۆ ڕێگریکردن لە گرژیی زیاتر بە پێویست دەزانرێت.

ئەم بڕیارە بۆ وتوێژی ڕاستەوخۆ دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی دژی ئێران کرد و کەشتیگەلی جەنگیی ڕەوانەی ناوچەکە کرد.

لە لایەکی ترەوە، ئێران ئامادەیی بۆ ڕێگای دیپلۆماسی نیشان دا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی بۆ نوێنەرایەتیکردنی تاران لە دانوستانە ئەتۆمییەکان ڕاسپارد، بەو مەرجەی کەشێکی گونجاو و دوور لە هەڕەشە و داواکاری نالۆژیکی بۆ دانوستانێکی دادپەروەرانە بڕەخسێت.