شارپرێس:
سبەینێ 4ى شوبات، بۆ ڕێزلێنان لەشەهیدی نەتەوەیی (ئەحمەد هێمن) بە بەشداری دایك و باوك و خزمانی شەهید، مەراسیمێك لەسەکۆی ئازاد لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی بەرێوەدەچێت.
بڕیارە سبەینێ چوارشەممە کاتژمێر 3 پاشنیوەرۆ لەسەکۆی ئازاد لەپارکی ئازادیی شاری سلێمانی مەراسیمێکی شایستە و فراوان بۆ شەهید هێمن ئەحمەد، ئەو شەهیدەی خەڵكی کەرکوک بوو لە گوندی چلئاغەی ڕۆژئاوا شەهیدکرا بەڕێوەبچێت.
یەکێک لەرێکخەرانی مەراسیمەکە بەشارپرێسی وتـ" دوای وەرگرتنی رەزامەندی باوک و دایک و کەسوکاری بڕیارمانداوە مەراسیمێکی شایستە بۆ گیانی ئەو شەهیدەی نیشتمان ڕێکبخەین و دایک و باوک و خزمەکانیشی ئامادەییان دەربڕیوە لە مەراسیمەکە ئامادەبن و لە نزیکەوە سوپاسی خەڵکی کوردستان بکەن بۆ هاوخەمی و هاوخەباتییان لەگەڵیان.
سەرچاوەکەی شارپرێس ئاماژەی بەوەشکرد مەراسیمەکە لە سەکۆی ئازاد لە پارکی ئازادی بەڕێوەدەچێت وەک هێمایەک بۆ خەبات و بەرخۆدان و قوربانییدانی گەلی کورد، بڕیاروایە لە مەراسیمەکەدا تاجەگوڵیە لەسەر وێنەی شەهید ئەحمەد دابنرێت و ڕێز لە کەس و کار و دایک و باوکی بگیرێت و نوێنەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاواش لە مەراسیمەکە ئامادە دەبن
شەهید ئەحمەد هێمن یەکێک بوو لەو دەیان گەنجە خوێنگەرمەی کە دوای بانگەوازەکەی شەرڤانانی رۆژئاوا بۆ پشتیوانی بە هۆی مەترسییەکانی دۆخەکەوە، چەکی لە شانکرد و لە شاری کەرکوکەوە چوە رۆژئاوا و لە یەکێک لە شەرەکانی گوندی چلئاغە لە رۆژئاوانی کوردستان گیانی بەختکرد و خوێنی خۆی کردە هەوێنی پێکەوەبوون و تەبایی و پشتیوانی پارچەکانی کوردستان.
