شارپرێس:
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوای كوردستان هۆشداری دەدات و دەڵێت، لەشاری حەسەکە کۆمەڵێک چەکدار تەقەیان لەکاروانی هێزەکانی ئاسایشی دیمەشق کردوەو ئەم هێرشانە لەلایەن چەند شانەیەکی تیرۆریستییەوە بوەو لەچوارچێوەی هەوڵە نەرێنییەکانە بۆ تێکدانی بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژاڤای کوردستان، لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، کاروانێکی هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی سوریا لەشاری حەسەکە روبەڕوی هێرشێکی چەکداری بونەتەوەو دەڵێت، هێرشەکە لەکاتی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدەدا ڕویداوە، کاتێک هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ سەرقاڵی دابینکردنی دەروازە بون بۆ چونە ناوەوەی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی سوریا بۆ ناو شاری حەسەکە.
ئاسایش دەشڵێت،" کاروانەکە لەلایەن چەند شانەیەکی تیرۆریستییەوە تەقەی ڕاستەوخۆی لێکراوە بەمەبەستی دروستکردنی پشێوی و تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە".
هێزەکانی ئاسایش ئاماژەیان بەوە کردوە کە دەستبەجێ وەڵامی سەرچاوەی تەقەکانیان داوەتەوەو لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنیندا، توانیویانە ژمارەیەک لەئەندامانی ئەو شانە تیرۆریستییانە دەستگیربکەن کە لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
هەروەها ڕایانگەیاندوە کە لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەدا، ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایش بریندار بوەو ئێستا لەژێر چارەسەری پزیشکیدایە.
وەک رێکارێکی خۆپارێزی بۆ پاراستنی گیانی مەدەنییەکان و رێگریکردن لەهەر جوڵەیەکی دیکەی تێکدەرانە، هێزەکانی ئاسایش قەدەغەی هاتوچۆی کاتییان لەناوچەکەدا سەپاندوە.
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەرکی خۆیان بەسەرکەوتویی و بەبێ زیانی مەدەنی ئەنجام داوەو پابەندی تەواوی خۆیان بەرێککەوتنەکان و پاراستنی ئاسایشی گشتی دوپات دەکەنەوە.