شارپرێس:
كۆما جڤاكێن كوردستان (كهجهكه) لهبارهى دۆخى ئێستاى ڕۆژئاواى كوردستانهوه پهیامێكى بڵاوكردهوهو ڕایدهگهیهنێت، "لەڕۆژئاوا ئاگربەستو ڕێککەوتنێک هەیە، بەڵام هێشتا دیارنییە ئاگربەستو ڕێککەوتنەکە درێژەدەکێشێت یان نا"، داواشدهكات، "تا دۆخی ڕۆژئاوا ڕوندەبێتەوەو مافی گەلی ڕۆژئاوا مسۆگەر دەبێت، پێویستە خاوەندارێتیکردن لەڕۆژئاوا بەردەوامبێت".
لهڕاگهیهنراوێكدا کەجەکە دهڵێت، "لەکۆبونەوەی 4ى کانونی دوەم لەنێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییو وهفدى دیمەشقدا، ڕێککەوتنێکی گرنگ کرا، بەڵام وەزیری دەرەوەی دیمەشق دەستوەردانی کردو بێئەوەی هیچ لێدوانێک بدرێت، کۆبونەوەکە کۆتاییهات".
دهشڵێت، "لەڕۆژى پێنجى کانونی دوەم ئەمریکاو فەرەنساو تهحریر شامو تورکیا لەپاریس ڕێککەوتن، لەڕۆژى 6ى ههمان مانگ بەچەکی قورس هێرشکرایەسەر گەڕەکە کوردنشینەکان لەشاری حەلەب، لەبەرامبەر بەخشینی باشوری سوریا بەئیسرائیل، پیلانگێڕییەکی نێودهوڵهتى بۆ لهناوبردنى ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا ـ باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا جێبەجێکرا".
دهشڵێت، "ئهوهبوو هێرش بۆ نەهێشتنی ئەو سیستەمە کۆمەڵگەپارێزو دیموکراتیکە دەستیپێکرد کە کوردانی سوریا لەگەڵ عەرەبو سریانو چەرکەزو تورکمانو گەلانی دیكه دایانمەزراندوە، ئەو هێزانەی دیموکراتیکبونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەرژەوەندیی خۆیاندا نابینن، ئەم پیلانگێڕییەیان دژی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێکرد، هێرشی سەر دیموکراتیکبون گۆڕا بۆ هێرشی سەر کورد، بەمشێوەیە، سیاسەتی کۆنتڕۆڵکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیسانەوە لەسەر بنەمای چارەسەرنەکردنی پرسی کورد کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە".
كهجهكه لهڕاگهیهنراوهكهیدا نوسیویهتى، "هێرشەکە تەنها لەسەر ڕۆژئاوا-باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا نییە، بەڵکو هێرشێکە بۆسەر دەسکەوتە هاوبەشەکانی هەموو کوردانو گەلان، ئامانجی ئەم پیلانگێڕییەش دەستپێکردنی شەڕی کوردو عەرەب بوو، بەڵام بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەم فیتنەیە کە پیلانگێڕییەک بوو دژی گەلان، هەسەدە لەدێرەزۆرو ڕەققەو تەبقە کشایەوە، بەمشێوەیە ئەو هێزانەی دەیانویست شەڕی کوردو عەرەب دەستپێبکەن، ئامانجەکەیان نەپێکا".
ئاماژه بهوهشكراوه، "لەبەرانبەر تهحریر شامو چەتە هاوکارەکانی کە تورکیا پشتیوانیان دەکاتو دەیانەوێت سیستەمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک نەهێڵنو کوردان قڕبکەن؛ هەسەدەو گەلی ڕۆژئاوا دەستیان بەبەرخۆدان کرد، هێرشکەران لەسەر سنوری ڕۆژئاوای کوردستان وەستێنران، ئەم بەرخۆدانە داوای لەگەلی کوردستانو هێزە دیموکراتیەکان کرد کە وەک بەرخۆدانی کۆبانێ لەساڵی 2014 ڕاپەڕن، لەچوار بەشی کوردستان گەلی کوردو هێزە دیموکراتیکەکان بەژمارەیەکی زۆرترو بەئیرادەیەکی گەورەتر لەڕاپەڕینی 2014، ڕاپەڕین".
ئهوهشى وتوه، "ئەم سەرهەڵدانە هێزێکی زۆری بەبەرخۆدانەکە بەخشی، ڕای گشتیی دیموکراتیکی جیهان دژی ئەم هێرشە وەستایەوە کە هێرشێک بوو دژی دیموکراتیکبونو دەسکەوتەکانی گەلی کورد، تەنانەت هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانەش ڕاپەڕین کە بەشداربون لەم پیلانگێڕییە نێودهوڵهتیهدا، فشاریان لەحکومەتەکانی خۆیان کردو داوایانکرد هێرشەکان بوەستێنن، بەرخۆدانی هەسەدەو گەلی ڕۆژئاواو ڕاپەڕینی گەلەکەمان لەچوار بەشی کوردستانو هێزەکانی دیموکراسی، وایکرد لە 30ی کانونی دوەم ڕێککەوتنێک بکرێت".
كهجهكه بهبیرى هێناوهتهوه، "ڕێبەر ئاپۆ پێش 4ى کانونی دوەم، لەچوارچێوەی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیکدا، پرۆژەیەکی چارەسەری پێشکەش بەئیدارەی ڕۆژئاوا کرد، لەم چوارچێوەیەدا لە 4ى کانونی دوەم ڕێککەوتنێک کرا، دوای ئەوەی ئەم پڕۆژە چارەسەرییەی ڕێبەر ئاپۆ تێکدرا، ڕێبەر ئاپۆ هەوڵیدا بەهەر ڕێگەیەک بێت، ڕێککەوتنێک بۆ وەستاندنی شەڕ بخاتەڕوو، هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆو هۆکارەکانی دیكه، بەڕێککەوتنی 30ى کانونی دوەم گەیشتە ئەنجام".
باسى لهوهكردوه، "هاوشانی بەرخۆدانی شەڕڤانانی هەسەدەو یەپەگەو یەپەژە، گەلی ڕۆژئاوا بەپێشەنگایەتی ژنانو گەنجان چەکیان هەڵگرتو ڕۆڵی گرنگیان گێڕا ڕێگرتن لەبەدیهاتنی ئامانجی هێزە قڕکەرەکان، شۆڕشی ژنان لەڕۆژئاوا، ڕۆحی ئازادیخوازیی لەنێو کۆمەڵگەدا پتەوترکردو وایکرد بەرخۆدانی ئازادی شکستنەهێنێت، کوردەکان بەهەموانیان نیشاندا کە بونەتە نەتەوەیەکی دیموکراتیک".
لهكۆتاییشدا باس لهوهكراوه، "لەچوار بەشی کوردستانو ئەوروپا گەلەکەمان بەشداریی سەفەربەرییان کرد کە لەڕۆژئاوا ڕاگەیاندرا، گەلەکەمان لەهەموو شوێنێک بەیەکگرتویی ڕاپەڕین، ئەم ڕاپەڕینە بەرئەنجامی بەرخۆدانی سەدساڵەو ڕاستی شەڕی ئازادیی دەیان ساڵەی گەلێکە، ئەو تێکۆشانەی کە ئێمە بەقوربانیدانی مەزن لەچوار بەشی کوردستاندا لەچوارچێوەی هێڵی ڕێبەر ئاپۆدا بەڕێوەمان برد، بوە مایەی یەکبونی گەلەکەمان، ئەم ڕۆحی یەکێتییە لەچالاکییەکانی خاوەندارێتیکردن لەڕۆژئاوا بەوپەڕی بەهێزییەوە خۆی نیشاندا".
