مه‌سعود بارزانى: بیر لەشەڕ ناكه‌ینه‌وه‌ بەڵام زۆری زۆردارانیش قبوڵناکەین

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 9365 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مه‌سعود بارزانى له‌په‌یامێكدا ڕایگه‌یاند، "ئەگەر بڕوامان بەدۆزی خۆمان هەبێت، هەمیشە دۆستمان دەبێت"، ده‌شڵێت، "دیالۆگ‌و ئاشتیی، باشترین ڕێگەن بۆ چارەسەری ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەو دورکەوتنەوە لەماڵوێرانییەکانی شەڕ"، هۆشداریشده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئومێدەوارم ئەو یەکێتییەی کە بینیمان لەسەر ئاستی نەتەوەیی، ئەمە ببێتە بنه‌مایه‌ك بۆ داهاتوو و بۆ هەموو ڕوداوێکی کە لەمەودوا ڕودەدات، ئێمە نابێ بیر لەشەڕبکەینەوە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا زۆری زۆردارانیش قبوڵناکەین".


لە11هه‌مین کۆنگرەی تەندروستیی مێزۆپۆتامیا لەهەولێر، مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان سەبارەت بەدۆخی ڕۆژئاوای کوردستان وتى، "هەوڵەکان بۆ ڕێگریی لەکارەساتێکی گەورەو دورکەوتنەوە لەشەڕی نەتەوەیی بوە، ستایشی ئەو یەکڕیزیی‌و جۆش‌و خرۆشە نەتەوەییەی ده‌كه‌م کە گەلی کورد بۆ هاوکاریی لێقەوماوانی ڕۆژاڤای کوردستان نیشانیاندا".

وتیشى، "له‌هه‌مانكاتدا پشتیوانیی خۆم بۆ پڕۆسەی ئاشتیی لەباکوری کوردستان دوپاتده‌كه‌مه‌وه‌، سەبارەت بەدۆخی سیاسیی هەرێم‌و بەغدایش، گیروگرفتەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەت زۆرن‌و جەختده‌كه‌ینه‌وه‌ لەپێویستیی ڕاستگۆیی‌و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو".

ئه‌وه‌شى وت، "ئەگەر بڕوامان بەدۆزی خۆمان هەبێت، هەمیشە دۆستمان دەبێت، دیالۆگ‌و ئاشتیش باشترین ڕێگەن بۆ چارەسەری ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە‌و دورکەوتنەوە لەماڵوێرانییەکانی شەڕ".

باسى ئه‌وه‌شیكرد، "هەمومان بینیمان کە ماوەیەک بەرلەئێستا کارەساتێکی گەورە خەریکبوو ڕوبدات لەڕۆژئاوا؛ بەداخەوە، من نامەوێ بچمە تەفاسیلی ئەو وەزعە کە بۆ وای لێهات‌و چۆن وای لێهات، بەڵام وەکو عەرەب دەڵێ: (دفع الله ما کان اعظم)، ترسی گەورەی من ئەوەبوو کە ببێتە شەڕی کوردو عەرەب، خۆشتان دەزانن ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، هیچ کاتێک کورد دەستپێشخەر نەبوە بۆ شەڕ، لەهەموو سەرکردەکانی شۆڕشی کوردستان، هەمیشە ڕێنمایی ئەوەبوە کە شەڕی ئێمە دژی زۆردارە نەک دژی میللەت، من ترسی ئەوەم هەبوو ببێتە شەڕی کوردو عەرەب کە ئەمە دەبوو بەکارەساتێکی گەورە".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "دیسان بۆ وای لێهات، من ناچمە ناو ئەو تەفاسیلە؛ لەحاڵەتی وادا ئینسان دەبێ دور لەعاتیفە بڕیاربدات‌و دور لەعاتیفەش هەنگاوبنێت، ئەوەی پێمان کرا کردمان‌و ئێمە سەربەرزین، وەک چۆن وەختی خۆی کە پێویستبوو و هەلومەرج لەباربوو، پێشمەرگەمان نارد چون بۆ کۆبانێ‌و شانبەشانی براکانیان شەڕی داعشیان کردو کۆبانییان ڕزگارکرد، هەلومەرجی ئەمجارە جیاوازبوو، ئەمجارە پێویستی بەوەبوو کە ئاگرەکە بکوژێتەوە، سوپاس بۆخوا، سوپاس بۆ هەمولایەنەکانی کە هاوکاربون، شەڕەکە گەورە نەبوو و نەبوو بەشەڕی کوردو عەرەب، ڕاسته‌ شتی ناخۆش ڕویداوە، بەڵام دەکرا شتی زۆر زۆر خراپتر ڕووبدات".

مه‌سعود بارزانى ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، "ئێستا ڕێککەوتنێک هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌ لەنێوان برایانمان لەڕۆژئاوا لەگەڵ حکومەتی سوریا؛ ئێمە ئومێدەوارین ئەو ڕێککەوتنە بەردەوامبێت".

بارزانى باسى جۆش‌و خرۆشى كوردانى كردو وتى، "سوپاسێکی بێپایانی هەموو تاکێکی کورد ده‌کەم لەهەر چوار پارچەو لەدەرەوە؛ ئەو یەکڕیزییەو ئەو بیرە نەتەوەییەی کە بەهیچ شتێک تەقدیر ناکرێت، چەند بەقیمەت بوو و چەند توانای بەهەموماندا، ئەمە گەورەترین سەرکەوتن بوو، لەلایەکی دیكه‌وه‌ سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەم بۆ ئەو یارمەتیدانەو بۆ ئەو جۆش‌و خرۆشەی کە بینیمان، بەهەزارەها گەنج خۆبەخشبون بۆ ئەوەی بچن یارمەتی برایانیان بدەن".

ته‌ئكیدى له‌سه‌رئه‌وه‌شكرده‌وه‌، "ئێمە نابێ بیر لەشەڕ بکەینەوە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا زۆری زۆردارانیش قبوڵناکەین، ئێمە دوعا دەکەین‌و تەمەننا دەکەین وەزعەکە بەرەو باشتربچێت، خوشک‌و براکانمان لەڕۆژئاوا ژیانێکی ئاسودە ببەنەسەر، ئەوەشی پێمان بکرێت، درێغی ناکەین لەیارمەتیدانیان".

سه‌باره‌ت به‌دۆخى ناوخۆی هەرێم‌و لەگەڵ بەغدایش، بارزانى نیگه‌رانى خۆى نیشانداو ڕایگه‌یاند، "بەداخەوە هێشتا دوای هەڵبژاردنی پارساڵ، نە لەهەرێم حکومەت پێكهاتوه‌و نە لەبەغدایش، گیروگرفت زۆرن، دەبێ ئێمە ڕاستگۆبین لەگەڵ ئێوەو لەگەڵ میللەتی خۆمان، بەڵام لەهەوڵداین بۆ ئەوەی ئەو گیروگرفتانە نەمێنن‌و چارەسەرێکی گونجاو بدۆزینەوە بۆ هەرێم‌و بۆ بەغدایش ئەوەی پێمان بکرێت هاوکاری برادەرانمان دەکەین لەبەغدا بۆ ئەوەی زوو لەو قەیرانە دەرچین هەم هەرێم‌و هەم بەغدا، بەڵام گرفت زۆر هەن".