شارپرێس: کەنداڵ جودی
بەرپرسێکی باڵای ڕۆژئاوای کوردستان لە واشنتۆن بە شارپرێسی ڕاگەیاند، هەردوو لایەن لە کۆنگرێسی ئەمریکا گرنگی بەیاسای پاراستنی کورد و بەردەوامی هاوکاری لەگەڵ کورد دەدەن.
لەلیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە دۆخی سوریا بەڕێوەچوو، بەڵام کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان کارنامەی سەرەکی کۆبوونەوەکە بوون.
سەبارەت بەو پرسە، نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات مەسەدە لە ئەمریکا، سینەم محەمەد کە هاوکات بەشداری کۆبوونەوەکە بوو، زانیاری گرنگی بۆ شارپرێس ئاشکراکرد سەبارەت بە کارنامە و ئامانجی کۆبوونەوەکە.
سینەم محەمەد، لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە کۆبوونەوەی کۆنگرێس بە گشتی سەبارەت بە سوریا بووە، بەڵام کۆبوونەوەکە زیاتر لەسەر ئەو پێشێلکاریانە بووە کە لەلایەن حکومەتی کاتی سوریاوە بەرامبەر بە کورد ئەنجامدراوە.
سەبارەت بە ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەی کۆنگرێس، سینەم محەمەد ڕایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو سیاسەتە دەکرێت کە حکومەتی کاتی لە دیمەشق سەبارەت بە پێکهاتەکان پەیڕەوی کردووە، هەروەها دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی دژ بە کورد، شێوازی پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی، گەرەنتی دووبارەنەکردنەوەی پێشێلکارییەکان، هەروەها پێویستی ئەمریکا بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆی بەرامبەر بە هاوبەشە کوردەکانی لە ناوچەکەدا".
سەبارەت بە لایەنە بەشداربووەکانی ئەم کۆبوونەوەیە، سینەم محەمەد وتی: ئەم کۆبوونەوەیە لەلایەن لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە ڕێکخرابوو، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی زۆر لە ئەندامانی کۆنگرێس لە پارتەکانی دیموکرات و کۆماری، هەروەها نوێنەرانی لیژنەکانی پەیوەندییەکانی دەرەوە و هێزە چەکدارەکان و شارەزایانی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مافەکانی مرۆڤ، بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی بۆچی ئەم کۆبوونەوەیە ئەنجامدرا؟ سینەم محەمەد باسی لەوەکرد "ئەم کۆبوونەوەیە بەهۆی ئەو هەڕەشە و پێشێلکارییە ئەمنییانەی کە لەم دواییانەدا بەرامبەر کورد کراون، بەڕێوەچوو، بۆیە پێویست بوو مشتومڕێکی فەرمی لەناو کۆنگرێسدا سەبارەت بە بەرپرسیارێتی ئەمریکا و ڕۆڵی لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیری ئەنجام بدرێت. بێ گومان کەیسی ئەو پێشێلکاریانەی ئەم دواییە کە لە دژی کورد کراون، ڕادەستی ئەندامانی کۆنگرێس کراون".
سینەم محەمەد ئاماژەی بەوەدا کە هەردوو لایەنی دیموکرات و کۆماری گرنگی بە هاریکاری لەگەڵ کورد دەدەن، بەتایبەتی کە کورد ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە شەڕی دژی ڕێکخراوی داعش و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "سەرەڕای گۆڕانی بۆچوونە سیاسییەکان، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نابێت شەڕ لە دژی کورد ڕووبدات".
سەبارەت بەیاسای پاراستنی کورد سینەم محەمەد وتی: ئەم یاسایە هۆشداری دەدات کە دەبێت چاودێری کردەوە و سیاسەتەکانی حکومەتی دیمەشق بکرێت و پێکهاتەکان پارێزراو بن و نەکرێنە ئامانج. لە هەمان کاتدا پێویستە لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییە گەورەکان بکرێت و بەردەوامی پێ بدرێت پێویستە جەخت لەسەر هاوکاری ستراتیژی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بکرێتەوە”.
ئایا یاسای پاراستنی کورد میکانیزمێک بۆ سەپاندنی سزا لەخۆدەگرێت؟ سینەم وتی: گومانی تێدا نییە کە میکانیزمێک هەیە بۆ سەپاندنی سزا یان ڕێوشوێنی دیپلۆماسی بەسەر ئەو لایەنانەی کە پێشێلکاری گەورەیان ئەنجامداوە، بەپێی یاساکانی ئەمریکا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان.
ئایا چانسی جێبەجێکردنی ئەم یاسای پاراستنی کورد هەیە، سینەم محەمەد، باسی لەوەکرد "ئەگەری جێبەجێکردنی یاسای پاراستنی کورد پەیوەستە بە پاڵپشتی هەردوو لایەن لە چوارچێوەی کۆنگرێس، بەڵام ئەو گرنگییەی کە لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە کورد دەرکەوت، ئەوە دەردەخات کە بنەمایەکی سیاسی جددی هەیە بۆ ئەوەی یاسای پاراستنی کورد پەرەی پێبدرێت. چونکە لە کۆبوونەوەکەدا، ئەوان گرنگییەکی زۆریان بە پرسی کورد و گرنگی پاراستنی هاوکارەکانیان (کورد) و گەرەنتیکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا داوە”.
