سێبەری مەرگ بەسەر شارەکاندا؛ سوریا لەنێوان پاشماوەی جەنگ‌و شەپۆلێكى نوێی تاواندا

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1708 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا سوریا هەوڵدەدات برینەکانی جەنگ ساڕێژبکات، شەپۆلێکی نوێی توندوتیژیی‌و تاوان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دیمەشقی تەنیوە، ئەوەی ئێستا ڕودەدات تەنها تاوانی ئاسایی نین، بەڵکو گوزارشت لەداڕمانی شیرازەی کۆمەڵایەتی‌و بێهیواییەکی قووڵدەکەن کە هەڕەشە لەژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی دەکات.


کۆڵانەکان بونەتە مەیدانی ململانێ
لەچەند ڕۆژی ڕابردودا، زمانی چەک‌و تەقینەوە گەورەترین دەنگی نێو کۆڵانەکان بوە، لەدێرەزور، تەقاندنەوەی كێڵگه‌و بیره‌ نەوتییەکان ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ململانێی هێزەکان لەسەر سەرچاوە داراییەکان.

هاوکات لەحەلەب، کە ڕۆژانێک پایتەختی ئابوریی بوو، ئێستا بەهۆی کێشەی داراییەوە مرۆڤەکان گیانی یەکتر دەکێشن، وەک ئەوەی لەگوندەوارەکانی باکوری شارەکە ڕویدا.

ماڵەکان چیتر ئارام نین
تەنانەت ماڵ‌و کەمپەکانیش لەو توندوتیژییە بێبەشنەبون، لەکەمپی جەرمانەی گوندەواری دیمەشق، گەنجێک بوە قوربانیی تەقینەوەی بۆمبێکی دەستی، ئەمەش مەترسی بڵاوبونەوەی چەکی بێ مۆڵه‌ت به‌شێوه‌یه‌كى بێشومار لەده‌ستى خه‌ڵكانى ده‌ره‌وه‌ى هێزه‌ ئه‌منیى‌و سه‌ربازییه‌كاندا دەسەلمێنێت.

حومس؛ نیشانەی توندوتیژییەکی مەترسیدار
ئەوەی لەحومس ڕویدا، کە تێیدا دوو ژن (یەکێکیان مەسیحی) کوژران، زەنگێکی مەترسیداری توندوتیژییەکی نوێیە کە ڕەنگە ڕەهەندی تایفی‌و تۆڵەسەندنەوە لەخۆبگرێت، ئامارەکانی ڕوانگەی سوری-ش بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوەدەکەن، تەنها لەسەرەتای ساڵی ئه‌مساڵه‌وه‌ تائێستا 41 کەس بونەتە قوربانیی تاوانی تۆڵەسەندنەوە کە زۆربەیان پەیوەندییان بەململانێیە کۆنەکانەوە هەیە.

چاودێران پێیانوایه‌، ئەو دۆخە تەنها ئامارنین، بەڵکو چیرۆکی خێزانی وێرانبوو و کۆمەڵگەیەکی ترساون، بێدەنگی لەئاست ئەو تاوانانەو نەبونی چاودێرییەکی ئەمنی‌و دادوەریی ڕاستەقینە، سوریا بەرەو لێوارێکی مەترسیدارتر دەبات؛ لێوارێک کە تێیدا یاسای دارستان دەبێتە دادوه‌رى یەکەم‌و کۆتایی.