ئەمریکا ئاستى مه‌ترسیه‌كانى له‌عێراق به‌رزكرده‌وه‌و هۆشدارییه‌كى به‌په‌له‌ ده‌دات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6201 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەنوێترین‌و توندترین هۆشداریدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا پەیامێکی بەپەلەی ئاراستەی سەرجەم هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کردو داوای لێکردن بەزوترینکات‌و تا بارودۆخ ڕێگەیان پێدەدات، خاکی عێراق جێبهێڵن، ئەو هەنگاوە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە بەقۆناغێکی هەستیارو پڕ لەئەگەری سەربازییدا تێپەڕ دەبێت.


باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پاراستنی گیانی هاوڵاتیانیان لەسەروی هەموو کارەکانەوەیە.

لەڕێنماییەکاندا داوا لەو ئەمریکییانە کراوە کە لەعێراقن، بەزوترینکات گەشتی دەرەوەی وڵات بکەن، ئەوکەسانەشی ناتوانن لەئێستادا بڕۆن، لەشوێنی نیشتەجێبوویان بمێننەوەو لەپەنجەرەو شوێنە کراوەکان دوربکەونەوە، خزمەتگوزارییە کونسوڵگەرییەکانیش لەبەغداو هەولێر ڕاگیراون‌و تەنها بۆ کاروباری زۆر پێویست‌و لەناکاو کاردەکەن.

ئەم هۆشدارییەى ئه‌مریكا دوای ئەوەدێت، وەزارەتی دەرەوەی ئه‌و وڵاته‌، ئاستی مەترسیی گەشتکردن بۆ عێراقی گەیاندە ئاستی چوارەم (Level 4: Do Not Travel) کە بەرزترین ئاستی مەترسییە، هۆکارە سەرەکییەکانیش بریتین لەهەڕەشەی درۆن‌و موشەک، وه‌كو ڕونكراوه‌ته‌وه‌، ئەگەری بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە هه‌یه‌، ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنی‌و ئەگەری داخستنی کتوپڕی ئاسمانی عێراق‌و بونی مەترسیی بەردەوام لەسەر هاوڵاتیانی بیانی لەناوچە جیاوازەکاندا.

چاودێران پێیانوایە، ئەمجۆرە هۆشدارییانە تەنها ڕێکارێکی کارگێڕی نین، بەڵکو ئاماژەن بۆ زەنگێکی مەترسیدار کە ڕەنگە ناوچەکە بەرەو پێکدادانی گەورەتر بڕوات، چۆڵکردنی فەرمانبەرانی ناپێویست لەچەند ڕۆژی ڕابردوداو ئێستاش داوای جێهێشتنی هاوڵاتیان، دەریدەخات کە واشنتۆن زانیاری وردی لەبەردەستە دەربارەی هەڕەشەی جدی لەسەر عێراق.

لەئێستادا، چاوەکان لەسەر فڕۆکەخانەکانی بەغداو هەولێرن کە ئایا ئاستی گەشتەکان چۆن دەبێت‌و ئایا حکومەتی عێراق دەتوانێت گرەنتی سەلامەتی نێردە دیپلۆماسییەکان‌و بیانییەکان بکات لەناوەندی ئەم زریانی گرژییانەدا؟