عەباس عراقچی پەیوەندی بەنێچیرڤان بارزانییەوە کرد

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1521 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنيی لە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێگەیشت و سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێت، هەرێمی کوردستان نابێته‌ به‌شێك له‌ ململانێكان

سەرۆکایەتی هەرێم ڕایگەیاند، لە پەیوەندییەکەدا، وێڕاى باسكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا، دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی تاوتوێ کران. له‌مباره‌يه‌وه‌ هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری کردەوە.

هاوکات هه‌ردوولا داكۆكييان له‌ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان کرده‌وه‌، بە شێوەیەک کە ڕێگری لە هەر هەوڵێک بکرێت بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە و ئاڵۆزکردنی زياترى دۆخەکە.

نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان نابێته‌ به‌شێك له‌ ململانێكان و وەک هەمیشە فاکتەری ئارامی دەبێت، هه‌روه‌ها پشتگیری لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکات بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی شەڕ لە گەلانی ناوچەکە.