شارپرێس:
تۆڕی هەواڵی "سی بی ئێس"ی ئەمریکی بڵاویکردۆتەوە کە دەزگاکانی هەواڵگریی
ئەمریکا لەم دواییانەدا راپۆرتێکیان لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا و بازنەیەکی
تەسک لە نزیکەکانی بەش کردووە، تێیدا ئاشکرا کراوە کە عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای پێشووی
ئێران، نیگەرانییەکی زۆری لەبارەی موجتەبای کوڕی نیشانداوە ئەگەر ببێتە جێنشینی.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، خامنەیی باوک
گومانی لە تواناکانی سەرکردایەتیکردنی کوڕەکەی هەبووە و بە کەسێکی بێ جورئەت و
ناداهێنەر و بێبەهرە وەسفی کردووە، هەروەها بە کەسێکی نەشیاوی زانیوە بۆ وەرگرتنی
باڵاترین پۆست لە وڵاتدا.
زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە باوکی بەهۆی کێشە بەردەوامەکانی
ژیانی تایبەتی کوڕەکەیەوە بێزار بووە. سەرەڕای ئەم نیگەرانییانەی باوکی، موجتەبای
تەمەن 56 ساڵ لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن ئەنجومەنی شارەزایانی ئێرانەوە وەک
سێیەم ڕێبەری باڵای وڵات هەڵبژێردرا.
بەشێک لەمیدیا رۆژئاواییەکان ئەم گواستنەوەی دەسەڵاتە گاڵتەجاڕییەکی مێژوویی
گەورە بۆ بۆ کۆماری ئیسلامی هەژمار دەکەن، چونکە شۆڕشی 1979 بۆ ڕووخاندنی ڕژێمێکی
پاشایەتیی بۆماوەیی بەرپا بوو، کەچی ئێستا هەمان دەسەلات بۆ پاراستنی دەسەڵاتە ئایینییەکەی
پەنای بۆ گواستنەوەی دەسەڵات لە باوکەوە بۆ کوڕ بردووە.