تاران کارتی گەروی هورمزی لەدەستدا.. سعودیە نەخشەی وزەی جیهانی گۆڕیی

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6567 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بۆ چەندین دەیەیە، کۆماری ئیسلامی ئێران "گەرووی هورمز"ی وەک خەنجەرێکی تیژ بەسەر ملای ئابووری جیهانەوە بەکاردەهێنا، بەو پێیەی یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان. بەڵام ئەمڕۆ ئەو کارتە نەک هەر سووتاوە، بەڵکو تاران خۆی لەبەردەم واقیعێکی نوێدا دەبینێتەوە کە تێیدا سعودیە توانیویەتی گەرووی هورمز لە هاوکێشەی هەناردەی نەوت "بێبایەخ" بکات.


پڕۆژە 1200 کیلۆمەترییەکە .. گەمارۆدانی تاران لەناوخۆی خاکدا
سعودیە بەدرێژایی 1200 کیلۆمەتر، لەکێڵگە نەوتییەکانی (ئەبقەیق) لەڕۆژهەڵاتی وڵاتەكه‌ى تاوەکو بەندەری (یەتبوع) لەسەر دەریای سور، هێڵێکی ستراتیژی کێشاوە کە بە(هێڵی ڕۆژهەڵات ـ ڕۆژئاوا) ناسراوە، ئەو پڕۆژەیە لەساڵی 1981وه‌ بناغەکەی دانراوە، ئێستا بوەتە شاده‌مارى ئاسایشی وزەی سعودیەو ته‌نانه‌ت جیهانیش.

حەوت ملیۆن بەرمیل.. لەدڵی بیابانەوە بۆ جیهان
گرنگی ئەو ڕێڕەوە تەنها لەدرێژییەکەیدا نییە، بەڵکو لەو بڕە نەوتەدایە کە پێیدا تێپەڕ دەبێت، ڕۆژانە زیاتر لەحه‌وت ملیۆن بەرمیل نەوت بەناو جەرگەی خاکی سعودیەدا دەگوازرێتەوە بۆ ئەوروپاو ئەمریکا، بێئەوەی یەک دڵۆپ نەوت پێویستی بەتێپەڕبون بەگەروی هورمز هەبێت، ئەمەش واتە "هەڕەشەی داخستنی گەروەکە" لەلایەن ئێرانەوە، بۆ سعودیە تەنها دەنگۆیەکی بێکاریگەرە.

بۆچی ئەمە بۆ تاران کارەساتبارە؟
نەمانى تواناى شاراوه‌ى فشار: ئێران چیتر ناتوانێت جیهان بەداخستنی هورمز بترسێنێت، چونکە گەورەترین هەناردەکاری نەوت ڕێگەیەکی جێگرەوەی سەلامەتی هەیە.
گۆڕانی هاوسەنگی هێز: سعودیە توانیویەتی جەنگی جوگرافیا لەبەرژەوەندیی خۆی کۆتایی پێبهێنێت.

دەریای سور دەبێتە ناوەند: بەهێزکردنی بەندەری یەتبوع، دەریای سوری کردوەتە ناوچەیەکی بازرگانیی جیهانیی کە ئاسایشەکەی لەلایەن هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانەوە دەپارێزرێت.

سعودیە بەبێدەنگی‌و بەپلانێکی درێژخایەن، گەورەترین هەڕەشەی ئێرانی پوچەڵکردەوە، ئەگەر جاران هورمز دەمارە سورەکەی جیهان بوبێت، ئێستا هێڵی ڕۆژهەڵات ـ ڕۆژئاوای سعودیە ئەو دەمارەیە کە خوێنی ئابوری جیهان دەگەیەنێتە شوێنی مەبەست، بەمەش تاران کارتی گەروی هورمزی لەدەستداو سعودیەش بوە "سەروەری ڕەهای ڕێڕەوەکانی وزە".