ئێران ڕەخنەی توند لەوڵاتانی ئیسلامی دەگرێت: ئەمە چ جۆرە موسڵمانێتییەکە!

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 303 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران، نامەیەکی 6 خاڵی ئاراستەی موسڵمانانی جیهان و دەوڵەتە ئیسلامییەکان كردو ڕەخنەی توند دەگرێت و دەڵێت،"ئێران نیازی دەسەڵاتسەپاندنی نییەو تەنیا خێرخوازی ناوچەکەیە".
 
عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران، لەنامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، وڵاتەکەی ڕوبەڕوی پلانێکی فێڵبازانەی ئەمریکا و ئیسرائیل بوەتەوە، کە مەبەست لێی پارچەپارچەکردنی ئێران بوە.
 
لاریجانی لەنامەکەیدا ڕەخنە لەهەڵوێستی وڵاتانی ئیسلامی دەگرێت و دەڵێت،"جگە لەچەند حاڵەتێکی کەم، هیچ یەک لەدەوڵەتە ئیسلامییەکان نەهاتنە هانای گەلی ئێرانەوە". 
 
ئەو بەرپرسەی ئێران فەرمودەیەکی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) وەک بەڵگە دەهێنێتەوەو دەپرسێت،"ئەگەر وەڵامی هاواری موسڵمانێک نەدەنەوە، موسڵمان نین؛ ئەی ئەمە چ جۆرە موسڵمانێتییەکە؟".

سەبارەت بەهێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لەوڵاتانی ناوچەکە، لاریجانی دەڵێت،"هەندێک وڵات دەڵێن لەبەر ئەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلمان لەخاکەکەیاندا کردوەتە ئامانج، کەواتە ئێران دوژمنە! ئایا دەبێت ئێران دەستەوستان بێت کاتێک لەبنکەکانی ئەمریکا لە ناو خاکی ئێوەوە هێرش دەکرێتە سەری؟".
لاریجانی داوایان لێدەکات هەڵوێستی خۆیان دیاری بکەن کە لەکام بەرەدان.

لاریجانی هۆشداری دەداتە وڵاتانی ناوچەکەو جەخت دەكاتەوە، كە"ئەمریکا هیچ وەفایەکی بۆ ئێوە نییەو ئیسرائیل دوژمنتانە. خولەکێک بیر لەداهاتوی ناوچەکە بکەنەوە." ئەوەش دوپاتدەكاتەوە، كەئێران نیازی سەپاندنی دەسەڵاتی بەسەر هیچ وڵاتێکی دراوسێدا نییە و تەنیا ئاشتی و خێرخوازی دەوێت.
 
لەکۆتایی نامەکەیدا، لاریجانی داوای یەکێتیی ئومەی ئیسلامی دەکات و ڕایدەگەیێنێت، تەنیا بەیەکگرتویی و هەماهەنگیی هەموو لایەک، دەتواندرێت ئاسایش، سەربەخۆیی و گەشەپێدانی وڵاتانی ناوچەکە مسۆگەر بکرێت.