بافڵ تاڵەبانی لەبارەی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا: نابێت بڕیاری تاکلایەنە بدرێت

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 521 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لەرێی بۆری نەوتی کوردستانەوە، بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوەو دەلێت،" نابێت ئەو بڕیارانەی کە کاریگەرییان هەیە لەسەر چارەنووس و ژیانی گەلەکەمان، بە شێوەیەکی تاکلایەنە بدرێن ".


بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەپەیامێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" لەم کاتەدا کە ناوچەکەمان روبەڕوی گرژی و ناسەقامگیرییەکی سەخت بوەتەوە، نابێت ئەو بڕیارانەی کە کاریگەرییان هەیە لەسەر چارەنوس و ژیانی گەلەکەمان، بە شێوەیەکی تاکلایەنە بدرێن ".

ئەوەشیخستەڕوو،" حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتێکی بنکەفراوانە، و دەبێت هەموو لایەنەکان بەگوێرەی ئەوە هەڵسوکەوت بکەن ".

بافڵ تاڵەبانی وتیشی،" ئێستا کاتی گرژی و ئاڵۆزی یان تۆمارکردنی خاڵی سیاسی نییە، خەڵکەکەمان شایەنی ئەوەیە کە ژیانێکی سەقامگیری هەبێت و لەکاتی خۆیدا مووچەکانیان وەربگرن ".

بەوتەی سەرۆکی یەکێتی،" ئێستا کاتی یەکڕیزییە لە بەرامبەر ئەو مەترسییە گەورانەی کە دەکرێت تووشمان ببن".

باسی لەوەشکرد،" ئێمە پاڵپشتی لە دیالۆگی بنیاتنەرانە دەکەین لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە بەغداد و هەولێر بۆ پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عیراق، وە لەهەمانکاتدا دڵنیاشبین کە خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیانمان هەرگیز نەخرێتە مەترسییەوە ".