شارپرێس:
دوای ئەوەی لەپەرلەمانی عێراق نزیکەی 230 واژۆ بۆ
بەڕێوەچونی دانیشتنێکی تایبەت بەهەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆکرایەوە، شوان داودی، کاندیدی
سەربەخۆ بۆ ئەو پۆستە مەترسییەکی گەورە ئاشکرادەکات و دەڵێت، ئەو هەنگاوە ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ تێکچونی
تەواوەتیی یەکڕیزیی نەتەوەیی و لاوازبونی پێگەی دەستوریی هەرێمی کوردستان.
شوان داودی، کاندیدی سەربەخۆ بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لەپەیامێکدا
ئاماژەی بەوەکرد،" لەکاتێکدا پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق گەیشتوەتە
قۆناغێکی هەستیار، سەرهەڵدانی دیاردەی (کۆکردنەوەی ئیمزای پەرتەوازە) لەناو پەرلەمانی
عێراق لەلایەن بەشێک لەنوێنەرانی کوردو ڕەتکردنەوەی لەلایەن بەشێکی ترەوە، ئاماژەیەکی
مەترسیدارە بۆ تێکچونی تەواوەتیی یەکڕیزیی نەتەوەیی و لاوازبونی پێگەی دەستووریی هەرێمی
کوردستان ".
شوان داودی ئەو هەنگاوە بە "شکاندنی شکۆی بڕیاری
کوردی" ناودەبات و باس لەوەدەکات، دابەشبونی نوێنەرانی کورد بەسەر بەرەی (ئیمزاکەر)
و (ئیمزا نەکەر)دا، واتا گواستنەوەی کێشە ناوخۆییەکانی کوردستان بۆ ناو جەرگەی بڕیاردانی
بەغدا، ئەمە دەرفەت دەداتە لایەنە عێراقییەکان کە ئیرادەی خۆیان بەسەر کاندیدی
کورددا بسەپێنن.
ئەوەشیخستەڕوو، کاتێک
کورد بە یەکدەنگی ناچێتە ناو پەرلەمان، مافی ئەوەی نامێنێت وەک شەریكی سەرەکی مامەڵە
بکات؛ بەڵکو دەبێتە پاشکۆی ئەجێندای کوتلە گەورەکانی ناو پەرلەمان کە دواجار دژی بەرژەوەندییەکانی
گەلی کوردستان دەشکێتەوە.
ئەو کاندیدە سەربەخۆیە داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی
کوردستان و فراکسیۆنە کوردییەکان دەکات دەستبەجێ پرۆسەی کۆکردنەوەی ئیمزا و جەمسەرگیرییەکان
ڕابگرن.
دەشڵێت، پۆستی سەرۆک کۆمار
وەک ئیستحقاقێکی نەتەوەیی ببینن نەک وەک غەنیمەتێکی حیزبی.
شوان داودی داواش
دەکات لایەنە سیاسییەکان بگەڕێنەوە سەر
مێزی گفتوگۆ لە ناوخۆی هەرێم بۆ دیاریکردنی کاندیدێکی نیشتمانی کە نوێنەرایەتیی هەموان
بکات.
لەپەیامەکەدا ئەوەش هاتوە،" پەرتەوازەیی کورد لە بەغدا،
تەنیا زیان بە لایەنێکی دیاریکراو ناگەیەنێت، بەڵکو دەبێتە هۆی لاوازکردنی قەوارەی
هەرێمی کوردستان و نەوەکانی داهاتوو باجەکەی دەدەن. مێژوو بەزەیی بەوانەدا نایەتەوە
کە بەرژەوەندییە کاتییەکانیان دەخەنە پێش کەرامەتی سیاسیی نەتەوەکەیان ".
