دوای مانگێک لە شەڕ، کێ سەردەکەوێت؟

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 46 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گۆڤاری ئیکۆنۆمیست لە ژمارەی ئەم هەفتەیەدا بە مانشێتی “سوودى ئێران” وەڵامی یەکێک لە گرنگترین پرسیارەکانی ئەم ڕۆژانە دەداتەوە: دوای مانگێک لە شەڕ، بەڕاستی کێ سەردەکەوێت؟

نووسەرانی ئەم گۆڤارە پێیان وایە سەرەڕای باڵادەستی سەربازی ئەمریکا و ئیسرائیل، دەرئەنجامی شەڕەکە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان بووە. ئێران گورزی قورسی بەرکەوتووە؛ لە لاوازکردنی ژێرخانی ئابوورى و سەربازییەوە بۆ لەدەستدانی فەرماندەکانی، بەڵام خاڵە سەرەکییەکە ئەمەیە:
دەسەڵات هێشتا وەستاوە و ئەوە بە تەنیا بۆخۆى سەرکەوتنە.
لە ناوخۆدا شەڕەکە نەک ئێرانی لاواز نەکردووە، بەڵکو یەکگرتوویی دەسەڵاتی زیاتر کردووە. ئۆپۆزسیۆن بێدەنگ کراوە و ڕەوتە توندڕەوەکان  کۆنترۆڵیان زیاتربووە. حاڵەتێک کە لە زۆرێک لە شەڕەکاندا دەبینرێت: فشاری دەرەکی یەکگرتوویی ناوخۆیی بەهێز دەکات.
بەڵام گرنگترین کارتی ئێران، بەپێی ئیکۆنۆمیست، لە جوگرافیادایە:کۆنتڕۆڵکردن و تێکدانی گەرووی هورمز.
گەروویەکى تەنگ کە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی وزەی جیهانى پێیدا تێدەپەڕێت و ئێستا ئێران نیشانی داوە کە دەتوانێت بیکاتە خاڵى فشاری جیهانی.
لە لایەکی دیکەوە ئێران بە پشتبەستن بە شەڕی ناهاوسەنگ و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەرزان و مووشەک و هەڕەشەی کەشتیوانی، توانیویەتی تێچووی ململانێکان بۆ لایەنی بەرامبەر بە بەرزی بهێڵێتەوە، بەبێ ئەوەی بەشداری شەڕێکی کلاسیکی تەواو بکات.
لەبەرامبەردا گۆڤاری ئیکۆنۆمیست ڕەخنەیەکی جددی لە واشنتۆن دەگرێت:
ئەم شەڕە بەبێ ئامانجێکی ستراتیژی ڕوون دەستی پێکرد.
نە گۆڕینی ڕژێم بەدیهاتووە و نە بەرنامەی ئەتۆمی ڕاگیراوە و تەنانەت ڕێگرییەکی تەواوشی بۆ دروست نەبووە.
ئێستا ئەمریکا لە دووڕیانێکی سەختدایە: یان دەبێت شەڕەکە پەرەپێبدات- بە مەترسی زۆر و دەرئەنجامێکی نادیار یان بچنە ناو دانوستانێکەوە کە ئەمجارە ئێران دەستی باڵاترى هەیە.
ئەنجام:
شەڕێک کە بڕیار بوو ئێران لاواز بکات، ڕەنگە لە ڕاستیدا هێزی موزایەدە و پێگەی جیۆپۆلەتیکی بەهێزتر کردبێت.