سەرۆکی پەرلەمان زەنگی کۆتایی لێدا: دواخستنی زیاتری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار قبوڵکراو نییە

عیراق

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 283 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کاتی پێویست بە لایەنەکان درا بۆ ئەوەی بەن بە لێکتێگەیشتن بۆ هەڵبژاردنی کەسێکی شیاو بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، دەشڵێت، دواخستنی زیاتری پرۆسەکە قبوڵکراو نییە.


هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" بەهۆی ئەوە پۆستی سەرۆک کۆماری کاریگەری راستەوخۆی لەسەر سەقامگیری وڵات و رێکخستنەوەی کاری دامودەزگاکانی هەیە، دواخستنی زیاتری هەڵبژاردنی کەسێکی گونجاو بۆ ئەو پۆستە قبوڵکراو نیە ".

ئەوەشیخستەڕوو، عێراقییەکان چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەی ئەو شایستە دەستورییەن.

سەرۆکی پەرلەمان باسی لەوەشکرد، کاتی پێویست بە لایەنەکان درا بۆ ئەوەی بگەین بە لێکتێگەیشتن و بەردەوامیدان بە دواخستنی پرۆسەکە سنورەکانی بەزاندوە و پەرلەمان بەرپرسیارێتی دەستوری هەڵدەگرێت و بەرەو یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە هەنگاو دەنێت.


وتیشی،" ئێمە لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی رونی نیشتیمانین، دەبێت بە پێی دەستور ئەو پرسە یەکلابکرێتەوە و کەسێک هەڵبژێردرێت کە نوێنەرایەتی هەموو عێراقییەکان بکات و جێی متمانەی خەڵک بێت ".

ئەمەش لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ، سروە محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکی تایبەتدا بە شارپرێسی وت،" بەهۆی ئەو دۆخە چەقبوەستوە سیاسی و ئەمنی و ئابورییەی عێراقی گرتوەتەوە، 229 ئەندامی پەرلەمانی عێراق داوایەکیان ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردوە بۆ ئەوەی رۆژی دوشەممە دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بکرێت ".