ناكۆكی گەورە لەنێوان ئێران و ئاژانسی وزەی ئەتۆم سەرهەڵدەدات.. ژێردەستەیەو ڕێكە نادەین بێتەوە ناو خاكی وڵات

جیهان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 307 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕەخنەی توند لەبێدەنگیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەگرێت بەرامبەر هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی و هۆشداریش دەدات، كە ڕێگەنادەن بچنەوە ناو خاكی ئێرانەوەو دەڵێت، قسەی ناپیشەییانەو لایەنگرانەى بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەكە نیشانەی ژێردەستەییە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل.

 
بەهرۆز کەمالوەندی، جێگری سەرۆک و گوتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند، "چوار جار وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر بۆردومانکراوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و دزەکردنی ماددە تیشکدەرەکان نییە. دامەزراوەکانی نەتەنزو ئەردەکانیش سەلامەتن".
 
کەمالوەندی بەتوندی هێرشی کردە سەر رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و گتی، "پێویست بوو گرۆسی داوای کۆبونەوەی بەپەلەی ئاژانسەکە بکات، بەڵام بێدەنگیی ئەو وەک جۆرێکە لەدەستهەبون لەو کارانە".
 
کەمالوەندی هەروەها باسی لەوەشکرد، تاران تاوەکو ئێستا 12 نامەی فەرمیی بۆ ئاژانسەکە ناردوەو تێیدا ناڕەزایەتیی بەرامبەر بێدەنگی و بێکردەوەیی ئاژانسەکە دەربڕیوە.
 
وتەبێژی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران هۆشداریشیدایە وڵاتانی ناوچەکە لەبارەی لێکەوتەکانی بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و دەڵێت، "ئەم دەستدرێژییانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەڵام بەهۆی هەژمونی سیاسی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەسەر ئاژانسەکەدا، تاوەکو ئێستا هیچ هەڵوێستێکی بازدارندە وەرنەگیراوە".
 
کەمالوەندی ئاماژەی بەوەش کرد، قسەکانی ئەم دواییەی گرۆسی سەبارەت بەتەماحی ئەتۆمیی ئێران، قسەی ناپیشەییانەو لایەنگرانەن و نیشانەی ژێردەستەیی ئاژانسەکەیە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و جەختیش دەكاتەوە، ڕێگە نادەن جارێكی دیكە بچنەوە ناو خاكی ئێران.