ئێران گەروی هورمز بەڕوی عێراقدا دەكاتەوە

عیراق

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 241 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا ڕایدەگەیەنێت، عێراق لەو سنوردارکردنانەی خراونەتە سەر تەنگەی هورمز، بەدەر دەکرێت و دەڵێت، گەلی عێراق هەڵوێستێکی حەکیمانەو راستیان بەرامبەر دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەبوو.

 
لەپەیامەکەدا کە ئاراستەی گەلی عێراق کراوە، ئیبراهیم زولفەقاری دەڵێت،"ئەمریکای تاوانبارو قەوارەی زایۆنی بەهاوکاریی هاوپەیمان و هاوبەشەکانیان، دەستدرێژییەکی دڕندانەیان کردە سەر سەروەریی نیشتمانی و ئیسلامیی وڵاتەکەمان. ئەوان بەترسنۆکانە ژنان، منداڵان و خەڵکی سڤیلیان بۆردوومان کرد و قوتابخانە، قوتابیان و ناوەندە تەندروستییەکانیان کردە ئامانج."
 
وتەبێژەکە ستایشی هەڵوێستی عێراقییەکان دەکات و دەڵێت،"لەم کاتەدا، گەلی عێراق هەڵوێستێکی حەکیمانەو راستیان بەرامبەر دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەبوو. ئێمە بە راستی دەڵێین، گەلی ئێران بە تەنیا نەبوو، بەڵکو دڵ و فرمێسک و هەڵوێستەکانتان لەگەڵمان بوون. ئەم پشتیوانییەتان دەبێتە مایەی بەهێزبوونی ئیرادەی ئێمە بۆ بەردەوامبون لەتێکۆشان."
 
سەبارەت بەتەنگەی هورمز، وتەبێژی خاتەمولئەنبیا کە سەر بەفەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ئێرانە وتی، "لێرەوە ڕایدەگەیێنین کە عێراقی دۆست، لە هەر جۆرە سنوردارکردنێک کە لەتەنگەی هورمزدا دامانناوە، بەدەر دەکرێت. ئەو سنوردارکردنانە تەنیا وڵاتە دوژمنەکان دەگرێتەوە. ئێمە رێزێکی زۆر بۆ سەروەریی نیشتمانیی عێراق دادەنێین، چونکە ئێوە گەلێکن کە ئازاری داگیرکاریی ئەمریکاتان چەشتوە".
 
لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، ئاماژەی بەوە کرد، بارودۆخی ئێستا دەرفەتێکی مێژوییە بۆ عێراق تاوەکو کۆتایی بەبونی ئەمریکا لەسەر خاکەکەی بهێنێت و رێگری لەتاڵانکردنی سامانی وڵاتەکەی بکات.
 
لەکۆتایی پەیامەکەیدا، سڵاوی بۆ شەهیدانی عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی و مقاومەی ئیسلامی نارد و رێزی خۆی بۆ زانایانی ئایینی و مەرجەعییەتی باڵای شیعە لە عێراق دەربڕی و وتی، گەلی ئێران و عێراق لەیەک سەنگەردان و پێکەوە سەرکەوتن بەدەستدەهێنن".