ئەسۆشیەیتد پرێس: تورکیا، میسرو پاکستان دوبارە هەوڵەکانیان بۆ ڕاگرتنی جەنگ چڕکردۆتەوە

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 156 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاژانسی ئەسۆشییەتد پرێس لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی هەرێمییەوە بڵاوی کردۆتەوە کە هەریەکە لە وڵاتانی پاکستان، تورکیا و میسر وەک نێوەندگیر بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی واشنتن و تاران بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بە مەبەستی ڕاگرتنی شەڕ لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە. 

 
ئاژانسەکە باسی لەوەکردووە کە ئەم وڵاتانە کار بۆ داڕشتنی ڕێککەوتنێک دەکەن کە مەبەست لێی کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان، کۆتاییهێنان بە جەنگ و دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمزە کە دەمارێکی گرنگی ئابوورییە. 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، پێشنیارێک لە ئارادایە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە وڵاتی پاکستان کە تێیدا ئاگرەبەستێکی کاتیی ڕابگەیەنرێت تا زەمینە بۆ چارەسەری هەمیشەیی خۆش بکات. 

ئەم هەوڵە نوێیانە لە کاتێکدا دێن کە پێشتر هەندێک لە دیپلۆماتکارانی پاکستان ئاماژەیان بە قووڵی کێشەکان و زەحمەتی پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان داواکارییەکانی هەردوولا دابوو، بەڵام ئێستا نێوەندگیرەکان چاویان لەوەیە لە ڕێگەی ئەو چارەسەرە مامناوەندەوە کات بۆ دیپلۆماسی بگەڕێننەوە.