شارپرێس:
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردۆتەوە کە هەناردەکردنی نەوت لەدورگەی ستراتیژیی خارگ لەچەند ڕۆژی ڕابردودا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، ئەمەش سەرەڕای بەردەوامی شەڕو ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
سەرۆکی لێژنەی وزە لەپەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە کردوە کە پەرەسەندنە سەربازییەکان کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی هەناردەکردن نەبووە و بەپێی سەردانە مەیدانییەکان، ئاستی فرۆشتنی نەوت تەنانەت بەرزتریش بۆتەوە.
دوورگەی خارگ وەک گرنگترین ناوەندی هەناردەکردنی نەوتی ئێران دادەنرێت و دامەزراوەی بەندەری گەورە، کۆگای عەمبارکردن و تۆڕێکی بەرفراوانی بۆرییەکانی تێدایە کە بە کێڵگە نەوتییەکانی ناوخۆی وڵاتەکەوە بەستراونەتەوە، ئەمەش وایکردووە ببێتە جومگەیەکی هەستیاری ئابووریی کە ئێران لە کاتی تەنگژەکاندا پارێزگاری لێ دەکات.
لە بەرانبەردا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی تێکشکاندنی دوورگەکەی کردووە ئەگەر ڕێککەوتنێکی خێرا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە نەیەتە ئاراوە و گەرووی هورمزیش نەکرێتەوە.
لە 13ی ئازاردا، سوپای ئەمریکا چەند هێرشێکی بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ناو دوورگەکە ئەنجامدا، بەڵام ژێرخانی نەوتییەکەی نەکردە ئامانج، ئەمەش وەک پەیامێکی هۆشدارکەرەوە لێکدرایەوە.