هۆشداریى له‌قه‌یرانێكى جیهانیى ده‌درێت.. لەساڵی حەفتاکان مەترسیداترە

لە میدیاکانەوە

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1781 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "زە تایمز"ی بەریتانی لەڕاپۆرتێکی شیکارییدا باسی لەوەکردوه‌، ئەو جەنگەی ئەمریکاو ئیسرائیل ماوەی زیاتر لەمانگێکە دژی ئێران دەستیان پێکردوه‌، بوه‌تە هۆی دروستبونی قەیرانێکی وزە کە هەڕەشەی پاڵنانی ئابوریی جیهان بەرەو هەڵاوسانی سستکەر دەکات.


ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، قەبارەی پەککەوتنی گەیشتنی نەوت لەئێستادا زۆر زیاترە لەقەیرانەکانی ساڵی 1973و شۆڕشی ساڵی 1979 بەسەریەکەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، زیانە ئابورییە لاوەکییەکانی ئەم جەنگە لەداخستنی کردەیی گەروی هورمزدا چڕبوه‌تەوە، ئەمەش وای لەشرۆڤەکارانی بانکی HSBC کردوە ئەم دۆخە بە"گەورەترین پەککەوتن لەمێژوی دابینکردنی نەوتی جیهان" وەسفبکەن.

داتا ئابورییە سەرەتاییەکان کاریگەرییە نەرێنییەکانیان دەرخستوە، بەجۆرێک لەبەریتانیا تێچوی بەرهەمهێنان بەخێراترین ئاست لەدوای ساڵی 1992 زیادیکردوەو متمانەی بەکاربەر بۆ نزمترین ئاستی ساڵانە دابەزیوە.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، هەڵاوسان لەناوچەی یۆرۆ بۆ 2.5% بەرزبوه‌تەوەو نرخی بەنزین لەئەمریکا بۆ یەکەمجار لەدوای ساڵی 2022 گەیشتوه‌تە سەروو چوار دۆلار بۆ هەر گالۆنێک، هاوکات لەوڵاتانی ئاسیادا ڕێکاری دەستپێوەگرتنی وزە دەستیپێکردوە.

ڕێکخراوی هاوکاریی‌و گەشەپێدانی ئابوریی OECD ڕایگەیاندوە، بەریتانیا زیاترین زیانی بەردەکەوێت، چونکە پێشبینیدەکرێت، گەشە ئابورییەکەی بەڕێژەی 0.5% کەمبکات‌و هەڵاوسانیش بەڕێژەی 1.5% زیادبکات، هەروەها بانکی گۆڵدمان ساکس-یش هۆشداریداوە کە ڕەنگە گەشەی ئابوریی بەریتانیا تەنها 0.5% بێت لەمساڵدا.

ئەگەر بەرزبونەوەی نرخی نەوت‌و گاز لەچارەکی دۆمی ئەمساڵدا بەردەوامبێت، گەشەی ئابوریی ئەوروپا بەڕێژەی 0.8% کەمدەکات‌و وڵاتانی وەک ئەڵمانیاو فەرەنساش دەگەنە لێواری پاشەکشەی ئابوریی.

هەروەک ئابوریی وڵاتانی ئاسیا بەهۆی پشتبەستنیان بەنەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێژەی 1% دادەبەزێت، لەبەرامبەردا وڵاتانی وەک ڕوسیا، نەرویژ، کەنەداو ئەمریکا وەک سودمەند لەبەرزبونەوەی نرخەکان دەردەکەون.

لەکۆتاییدا زە تایمز هۆشدارییدەدات کە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ گەڕاندنەوەی ئێران بۆ سەردەمی بەردین، مەترسییەکان زیاتر دەکات. 

شرۆڤەکارانی بانکی ئۆف ئەمریکا دەڵێن، بەردەوامی ئەم دۆخە دەبێتە هۆی داڕمانی زنجیرەی دابینکردن‌و پێشبینیدەکرێت نرخی نەوتی برێنت بگاتە 200 دۆلارو بانکی جی پی مۆرگان وتویه‌تى، "ئەگەر گەروی هورمز تا ناوەڕاستی مانگی ئایار بەداخراوی بمێنێتەوە، نرخەکان لە 150 دۆلار تێپەڕ دەبن".

بەپەلە