ئیسرائیل گورزێکی کەمەرشکێنى لەدڵە ئابورییەکەی ئێران وه‌شاند

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 7308 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمڕۆ دوشەممە، گەورەترین کۆمەڵگەی غازو پترۆکیمیایی لەئێران کەوتەبەر شاڵاوێکی توندی هێرش‌و تەقینەوە، ئەمەش بەیەکێک لەگەورەترین گورزە ئابورییەکان بۆسەر تاران دادەنرێت لەمێژوی نوێدا.


میدیای فەرمیی ئێران پشتڕاستیکردەوە، هێرشکراوەتەسەر ئەو کۆمپانیاو یەکانەی کارەبا، ئاوو ئۆکسجین بۆ مۆڵگەی پترۆکیمیایی (عەسەلویە) لەپارێزگای بوشەهر دابیندەکەن، هەرچەندە لایەنی ئێرانی دەڵێت، زیانەکە بەر دامەزراوە سەرەکییەکان نەکەوتوە، بەڵام پچڕانی کارەباو خزمەتگوزارییەکان بەتەواوی بەرهەمهێنانی لەو ناوچە ستراتیژییە پەکخستوە.

لەتەلئەبیبەوە، یسرائیل کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل وه‌كو شانازییەك ده‌ڵێت، "سوپای وڵاتەکەم گورزێکی کوشندەی وەشاندوە".

کاتس ئه‌وه‌شى وت، "دوای هێرشەکەی هەفتەی ڕابردوو، ئەمڕۆش گەورەترین دامەزراوەی پترۆکیمیاییمان لەعەسەلوویە پەکخستوە کە بەتەنها 50٪ی بەرهەمی وڵاتەکەی پێکدەهێنا، بەمەش ئێستا 85٪ی توانای هەناردەکردنی پترۆکیمیای ئێران لەکارکەوتوە".

ئەم کەرتە بەبزوێنەری دارایی سوپای پاسداران دادەنرێت‌و وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش دەڵێت، "ئەمە زیانی دەیان ملیار دۆلار لەڕژێمی ئێران دەدات".

چاودێرانیش ده‌ڵێن، بەئامانجگرتنی (عەسەلوویە)و کێڵگەی غازی (پارس جنوبی) نیشانەی ئەوەیە کە شەڕەکە گەیشتوەتە ناو جەرگەی سەرچاوە داراییەکانی ئێران.

تاران پەنجەی تۆمەت بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل درێژدەکات‌و ئەم هێرشە بەتێکدەرانە ناوزەند دەکات، لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی کاردانەوەکانی تاران‌و کاریگەریی ئەم ڕوداوە لەسەر بازاڕی وزە دەکات.

بەپەلە