پێشمەرگە هۆشداری کۆتایی دەداتە بەغدا‌و ده‌ڵێت: چیتر لەبەرامبەر هێرشە درۆنییەکان بێدەنگنابین

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1255 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومه‌تى هەرێم لەپەیامێکی توندو بێپەردەدا، هۆشداریدەداتە حکومەتی فیدراڵ‌و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دوای ئەوەی لەشەوی 5ی نیسانی 2026دا، جارێکی دیکە بەچوار درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایەسەر بارەگاکانی پێشمەرگە، وەزارەت ده‌ڵێت، "دانبەخۆداگرتنمان سنوری هەیە".


وەزارەتی پێشمەرگە بەئاشکرا دەڵێت، "ئەم هێرشانە بەبەرچاوی سوپای عێراقەوە دەکرێن‌و تائێستا حکومەتی ناوەند هیچ هەڵوێستێکی کردەیی بۆ پاراستنی هاوبەشە ئەمنییەکانی (پێشمەرگە) نەبوە، هێرشەکان تەنها هەڕەشە نین، بەڵکو زیانی زۆریان بەهێزەکانی پێشمەرگە گەیاندوە، ئەمەش توڕەیی‌و نیگەرانییەکی قووڵی لەناو دامەزراوە سەربازییەکانی هەرێم دروستکردوە".

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ هەڕەشەی هەڵوێستی دیکە ده‌كات، چاودێران پێیانوایه‌، پەیامە کورت‌و بڕاوەکەی کۆتایی ڕاگەیەندراوەکە ترسی ئەوەی دروستکردوە کە ئەگەر بەغدا بێدەنگ بێت، پێشمەرگە خۆی ڕاستەوخۆ وەڵامی سەرچاوەی هێرشەکان بداتەوە، ئەمەش دەبێتە وەرچەرخانێکی مەترسیدار لەهاوکێشە ئەمنییەکاندا.

وەزارەتی پێشمەرگە جەختدەکاتەوە، "ئێمه‌ بەشێکی سەرەکین لەسیستەمی بەرگری عێراق، بەڵام ناکرێت لەژێر سایەی ئەو سیستەمەدا بکرێینە ئامانجی گروپە لەیاسا دەرچوەکان‌و کەسیش سزانەدرێت".

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا هۆشدارییه‌كى توند ده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "شەوی ڕابردوو گروپە لەیاسا دەرچوەکان، لەڕێگەی چوار درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشیانکردەسەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە، ئێمە لەپێناو بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی عێراق‌و کوردستان‌و لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە نالەبارە، دانمان بەخۆماندا گرتوە، بەڵام ئەگەر حکومەتی فیدراڵ هەروا بێهەڵوێست بێت، ناچاردەبین هەڵوێستی دیکەمان دەبێت".