كۆمه‌ڵه‌ له‌باره‌ى ورده‌كاریى هێرشه‌كه‌ى شه‌وى ڕابردوى گه‌ڕه‌كى به‌ختیاریه‌وه‌ زانیاریى ئاشكراده‌كات

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5471 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا شەوی ڕابردوى سلێمانی بەرەو نیوەشەو هەنگاوی دەناو گەڕەکی بەختیاری لەئارامیدابوو، دەنگی تەقینەوەیەکی گەورەو دواتر دوەم تەقینەوە، بێدەنگیی شارەکەی هەژاند، ئەمە نەک هەر لەرینەوەیەک بوو بۆ دیوارەکانی گەڕەک، بەڵکو لەرزینێک بوو بۆ دڵی ئەو خێزانە سڤیلانەی کە لەتەنیشت بارەگایەکی سیاسییەوە خەوتبون.


کاتژمێر ڕێک 12:30 خوله‌كى شەو بوو، کاتێک درۆنە خۆکوژەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئامانجیان پێكا، نیشانەکە ئەمجارە گەڕەکێکی قەرەباڵغی نیشتەجێبون بوو لەسلێمانی.



به‌گوێره‌ى ڕاگەیەندراوێكى فەرمیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، بارەگاکەی ئەوان کراوەتە ئامانج، بەڵام چۆڵکردنی پێشوەختەی شوێنەکە ڕێگربوه‌ لەوەی، قوربانیى لێبکەوێتەوە.

هەرچەندە زیانی گیانی لەڕیزەکانی کۆمەڵەدا نەبوو، بەڵام چیرۆکی ڕاستەقینە لەکۆڵانەکانی دەوروبەری بارەگاکە بوو، شوشەی پەنجەرە شکاوەکان، ئۆتۆمبێلە تێكشكاوه‌كان‌و دیوارە درزبردوەکانی ماڵە دراوسێکان، گەواهی ئەو ترسە دەدەن کە منداڵان‌و ژنانی ئەو گەڕەکەی گرتەوە، یەکێک لەدانیشتوانی گەڕەکەکە دەڵێت، "ئێمە چیمانداوە لەکێشەی سیاسیی؟ خەریک بوو ماڵەکان بەسەرماندا بڕوخێ".

سکرتارییەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە لەبەیاننامەیەکی تونددا، وێڕای مەحکومکردنی هێرشەکە، جەختیکردەوە، ئەوان بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان پێشوەختە شوێنەکەیان چۆڵکردوە، ئەوان دەڵێن، "ڕژێمی سێدارە دەیەوێت بەبیانوی ئێمە، خەڵکی سڤیل بکاتە قوربانیی".

کۆمەڵە هۆشداریدەدات، "ئەو هێرشانە تەنها سەرپێچیی سەروەریی خاکی هەرێم نییە، بەڵکو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆسەر ژیانی سادەی هاوڵاتیان".

كۆمه‌ڵه‌ جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "هێرشەکە زیانی گیانی لێنەکەوتوەتەوە، چونکە بەمەبەستی پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی‌و بڕینی هەر جۆرە بیانویەک، بنکەکە پێشوەختە چۆڵکرابوو، بەڵام دەنگی تەقینەوەکان‌و ترسی هێرشەکە دانیشتوانی ناوچەکەی توشی شۆککردوەو زیانێکی مادی زۆر گەورەشى بەبیناو ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانی سڤیل گەیاندوه‌".



له‌كۆتایی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا کۆمەڵە، ئێرانی بەسەرچاوەی ئاگری شەڕ لەناوچەکەدا وەسفکردوەو ده‌ڵێت، "ئەم هێرشە دڕندانەیە بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان‌و شوێنە مەدەنییەکان بەتوندی مەحکومدەکەین، هێرشەكه‌ش لەکاتێکدایە کە ناوچەکە لەناو قەیرانێکی قووڵی ئەمنیدایەو دەستدرێژییە بەردەوامەکانی درۆن‌و موشەکیش بۆسەر هەرێم، ژیانی هاوڵاتیانی خستوەتە مەترسییەکی جیدییەوە".