شارپرێس:
لەکاتێکدا مۆڵەتە
شومەکەی کۆشکی سپی بۆ ئێران بەرەو کۆتایی دەچێت، مۆسکۆ دەچێتە ناو هێڵەکەوەو ڕایدەگەیەنێت،
واشنتۆن هێشتا لەوە تێنەگەیشتوە کە کێشەکانی تاران بەئاگاداركردنهوه چارەسەرنابن،
دهشڵێت، "تاران بەهیچ جۆرێک مۆڵەتی کۆتاییو هەڕەشە قبوڵناکات".
لەنوێترین لێدوانیدا
سەبارەت بەگرژییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران، میخائیل ئۆلیانۆف نوێنەری هەمیشەیی ڕوسیا
لەڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی ڤییەنا، ڕەخنەی توندی ئاراستەی سیاسەتەکانی واشنتۆن
کردو ڕایگەیاند، "ئەمریکا هێشتا لەوە تێنەگەیشتوە کە تاران بەهیچ جۆرێک مۆڵەتی
کۆتاییو هەڕەشە قبوڵناکات".
ئۆلیانۆف لەهەژماری
تایبەتی خۆی لەتێلیگرام ئاماژەی بەوەکردوە، کێشەکانی تاران تەنها لەڕێگەی ڕێککەوتنی
بونیادنەرو گەیشتن بەچارەسەری ناوەند دەکرێت، نەک لەڕێگەی سەپاندنی مەرجو هەڕەشەی
سەربازییەوە.
ئەو لێدوانەی نوێنەرەکەی
ڕوسیا دوای ئەوەدێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیكه زمانێکی توندی بەرامبەر
ئێران بەکارهێناوەو هەڕەشەی وێرانکردنی ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتەی کردوە، ئەگەر
تاران نەیەتەسەر مێزی گفتوگۆ بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بەبەرنامە ئەتۆمییەکەی،
موشەکی بالیستیو پرسی ئاسایشی گەروی هورمز.
ترەمپ لەنوێترین
پەیامیدا لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، داوایکردوە تاوهكو ڕۆژی سێشەممە گەروی هورمز بەتەواوی
بکرێتەوە، دەنا هەڕەشەی بۆردومانکردنی وێستگەکانی کارەباو پردەکان دەکاتو دەڵێت،
"ئەگەر داواکارییەکان جێبەجێنەکرێن، هەموو شتێک تێکدەشکێنم".
لەلایەکی دیکەوە،
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەتوندی بونی هەر جۆرە دانوستانێکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ واشنتۆن
ڕەتکردەوەو ڕایگەیاند، ئەوەی هەیە تەنها چەند پێشنیازێکە لەلایەن ئەمریکاوە گەیشتوەتە
دەستیان، نەک گفتوگۆی فەرمی.
ئێستا جیهان چاوەڕێی
ڕۆژی 6ی نیسانو کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتە دەکات کە ترەمپ دیاریکردوە؛ ئایا ناوچەکە
بەرەو تەقینەوەیەکی سەربازیی دەچێت یان ئەمە تەنها فشارێکی سیاسییە بۆ ناچارکردنی
تاران بۆ سازش؟.
