شارپرێس:
لەهەنگاوێکدا وەک
هۆشدارییەکی کۆتایی بۆ هەر هەوڵێکی تێکدانی سەقامگیریی، عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری
ناوخۆی عێراق، بێدەنگی شکاندو پەیامێکی توندو هەڕەشەئامێزی ئاراستەی هێزە ئەمنییەکانو
تێکدەرانی ئاسایش کرد، لهفهرمانێكدا بۆ هێزه ئهمنیهكان دهڵێت، "هەر هەوڵێک
بۆ تێکدانی ئاسایشو سەقامگیریی عێراق بەدیكرا، بەتوندی مامەڵەی لەگەڵدا بكەن".
ئەم پەیامە کە لەکاتێکی
هەستیاری سیاسییو ئەمنیدا دێت، وەک نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نایاساییەکان
وەسفدەکرێت.
وەزیری ناوخۆ لەکۆبونەوەیەکدا
لەگەڵ فەرماندە باڵاکان، بەزمانێکی زۆر توند ڕایگەیاند، "چیتر هیچ چاوپۆشییەک
لەبەرامبەر تێکدەرانی ئاسایش قبوڵکراو نییە".
شەمەری لهو كۆبونهوهیهدا
كه دوێنێ بهڕێوهچوه وتویهتى، "سهرجهم هێزهكان ئاگاداردهكهمهوه، بەتوندترین
شێوەو بەدەستی پۆڵاین ڕوبەڕوی هەر هەوڵێک ببنەوە کە بیەوێت شکۆی دەوڵەتو ئارامی
هاوڵاتیان بشێوێنێت".
چاودێران پێیانوایه،
ئەم هەڕەشەیەی وەزیر تەنها قسە نییه، بەڵکو ئاماژەیەکی ڕونبوو بۆ ئەوەی کە هێزە ئەمنییەکان
سەرپشککراون لەبەکارهێنانی هەموو تواناکانیان بۆ سەرکوتکردنی هەر جۆرە یاخیبونێک یان
چەکدارییەک لەدەرەوەی یاسا.
چاودێرانی سیاسیی
پێیانوایە، ئەم پەیامەی وهزیرى ناوخۆى عێراق، نیشانەی گۆڕانکارییەکی گەورەیە لەستراتیژی
حکومەتی سودانی بۆ سەپاندنی یاسا، وەزیر جەختیکردوهتهوه، "عێراق جێگەی یاساشکێنان
نییەو هێزە ئەمنییەکان دەبێت لەپێشەوەی سەنگەربن بۆ پاراستنی دامەزراوەکانو گیانی
هاوڵاتیان".
پەیامەکەی شەمەری
دوو ئاراستەی هەبوو، یهكهمیان بۆ هێزە ئەمنییەکان، داواى لێكردن، نابێت لەبەرامبەر
پشێویدا دەستەوستان بنو هەر کەمتەرخەمییەک وەک خیانەت هەژمار دەکرێت، دوهمیش بۆ
تێکدەران بوو کە حکومەت ئامادەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەر لایەنێک
کە بیەوێت سەقامگیریی وڵات بخاتە مەترسییەوە.
