شارپرێس:
لەکاتێکدا جیهان چاوی لەسەر دوکەڵی جەنگی نێوان ئێرانو بەرەی ئەمریکا-ئیسرائیلە، سودان تەنها چاودێرێکی دورنییە، ئەم جەنگە لەساتەوەختێکی ناسکدا بەرۆکی سودانی گرتوە کە خۆی لەناو جەنگێکی ناوخۆیی وێرانکەردایە، ئەم ڕاپۆرتە شیکاریی بۆ ئەوەدەکات چۆن جەنگی ئێران دەبێتە هەڕەشەیەکی مهترسیداری نهمان لەسەر سودان، نەک لەڕێگەی موشەکەوە، بەڵکو لەڕێگەی سەپاندنی گوتارو برسیکردنەوە.
جەنگی گوتارو پێناسەکردنەوەی دوژمن
مەترسیدارترین کاریگەری ئەم جەنگە لەسەر سودان، لایەنی سەربازی نییە، بەڵکو لایەنی سیاسییو دیپلۆماسییە، ئهوانیش یهكهمیان، تەڵەی سیاسی، نەیارانی دەوڵەتو میلیشیای (پاڵپشتی خێرا) هەوڵدەدەن وێنای خهرتوم وەک پاشکۆی تاران نیشانبدەن، ئامانجیش لێی ڕاکێشانی هێرشی ئەمریکاو ئیسرائیلە بۆسەر سودان یان شەرعیەتدان بەمیلیشیاکان وەک (شەڕکەری دژ بەتیرۆر)، دوهمیش، بەرپەرچدانەوەی خهرتوم، هەڵوێستی ڕاشکاوی سودان لەئیدانەکردنی هێرشەکانی ئێران بۆسەر وڵاتانی عەرەبی، هەوڵێکی زیرەکانەبوو بۆ بڕینی ڕێگە لەم تەڵە گوتارییەو جەختکردنەوە لەوەی سودان بەشێکە لەئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی.
تیرۆری ئابورییو برسێتی هاوردەکراو
جەنگی ئێران لەڕێگەی دەروازە ئابورییەکانەوە دەگاتە ناوماڵی هەر سودانییەک، بەرزبونەوەی نرخی نەوت بۆ سەروو 115 دۆلار، تێچوی گواستنەوەو ژیانی لەوڵاتێکدا کە خۆی لەلێواری داڕماندایە، چەند هێندە کردوە، ههروهها بەرزبونەوەی نرخی پەیین (یۆریا) بەڕێژەی 47٪، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆسەر کشتوکاڵ کە دواین سەنگەری مانەوەی ئابوری سودانە، ئەمەش بەواتای نزیکبونەوەی خێراتر لەمەترسی برسێتی گشتگیر دێت.
جوگرافیای ئاسایشیو بەردەوامی پشتگیریی دەرەکی بۆ میلیشیاکان
سەرباری ئەوەی ناوچەکە خەریکی جەنگێکی گەورەیە، بەڵام ئەجێندا تێکدەرەکان لەسودان نەوەستاون، بهگوێرهی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان (وەک لۆمۆند)، تەنها چوار ڕۆژ دوای جەنگی ئێران، میلیشیاکان بەپاڵپشتی دەرەکی شارۆچکەی (کەرمەک)یان لەسەر سنوری ئەسیوپیا گرت، ئەو لایەنانەشی پشتگیریی میلیشیا دەکەن، سودان وەک (دەستکەوتێکی ستراتیژی درێژخایەن) دەبیننو تەنانەت لەژێر ئاگری جەنگە هەرێمییەکانیشدا دەستی لێ هەڵناگرن.
