شارپرێس ـ کەنداڵ جودی:
دیمەشق پێڵاوی ئەنكەرە لەپێدەکات، بەرپرسێکی
باڵاى پەیەدە پەردە لەسەر پلانێکی مەترسیداری حکومەتی سوریا لادەبات کە دەیەوێت بەهەمان
مۆدێلی قەیومی تورکیا، ئیرادەی ڕۆژئاوای کوردستان زەوتبکاتو دامەزراوەکانی ناوچەکە
بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، دیمەشق-یش تۆمەتبار دەکات بەپەکخستنی ڕێککەوتنی 29ی کانونی
دوەمو بەکارھێنانی دۆسیەی دەستگیرکراوان وەک کارتی سیاسیی، دهشڵێت، "سەرەڕای
جێبەجێکردنی 90٪ی ئەرکەکان لەلایەن ھەسەدەوە، بهڵام ههنگاوهكانى دیمهشق وهك پێویستو
لهجێگهى خۆیاندا نینو بەسستییەکی پڕ لەگومان ھەنگاو دەنێت".
هەدیه یوسف ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی
پارتى یهكێتیى دیموكراتى (پەیەدە) لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ شارپرێس باسی لەوردەکارییەکانی
ڕێککەوتنی نێوان ڕۆژئاوای کوردستانو حکومەتی سوریا کرد کە لە 29ی کانونی دوەمی
2026 واژۆکراوە.
هەدیه یوسف ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پارتى یهكێتیى دیموكراتى (پەیەدە)
کێشەکانی بەردەم ڕێککەوتنەکە
هەدیه یوسف بهشێكى دیكهى لێدوانهكهى
تایبهتبوو بهكێشهكانى بهردهم ڕێكهوتنهكهو نهیشاردهوه، "بۆ ئەوەی لەگەڵ
گەلەکەماندا ڕاستگۆبین، تێکەڵبونەوەکە وەک ڕێککەوتنەکە بەڕێوەناچێت، واتە لەجێبەجێکردنیدا
گەلێک کێشە هەنو حکومەتی دیمەشقیش لەم لایەنەوە زۆر بەخاوی هەنگاو دەنێت".
وهكو خۆى وتى، "دهمهوێت ئهم
زانیارییه لهشارپرێسهوه ئاشكرابكهم، تائێستا پڕۆسەی تێکەڵبونەوە لەلایەن ئێمەوە
بەڕێژەی 90% جێبەجێکراوەو هەرچییەکمان لێ داواکرابێت تەواومان کردوە، لیواکانی ئێمە
لەهێزەکانی هەسەدە پێکهێنرانو چونە ناو سوپاوە، هەروەها هەنگاونراوە بۆ تێکەڵکردنی
هێزەکانی ئاسایشو کارەکانیش بەردەوامن، جگەلەوەش، پرسهكانى (نەوت، دەروازە سنورییەکانو
وزە)ش تاڕادەیەک تێکەڵبونو کارەکانیان هێشتا بەردەوامن، بەڵام ئەو هەنگاوانەی کە
دەبێت حکومەتی دیمەشق بیانگرێتهبهر، تائێستا زۆر دواکەوتونو دەتوانم بڵێم لەوبارەیەوە
گومانمان هەیە، چونکە دەبوایە ئێستا هێزەکانی ئاسایشو هێزە سەربازییەکانی ئێمە، دەروازە
سنورییەکان کرابونایەتەوەو پرسى نەوتیش چارەسەربکرایهو داهاتێکی تایبەت بۆ ناوچەکە
تەرخانکرابایە، بەڵام بەداخەوە دیمەشق هێشتا ئەم هەنگاوانەی نەناوە".
وهكو ئهو ئاشكرایكرد، "بەشێوەیەکی
گشتیی لەکۆی 60 دامەزراوە، تەنها دوو دامەزراوە کارەکانی تێکەڵبونیان بەڕێکوپێکی بەڕێوەچوە،
بەڵام ئەوانیش هێشتا نەکەوتونەتە بواری پراکتیکییەوەو تەنها بەڕێوەبەرەکانیان دیاریکراون".
ئەو دەڵێت، "دیمەشق پلانی ڕونی نییەو
دەیەوێت وەک ڕژێمی بەعسو هاوشێوەی سیستەمی قەیوم لەباکوری کوردستان كه توركیا دهیسهپێنێت،
ئیرادەی خەڵکی ناوچەکە پشتگوێبخات".
کەرتی سەربازییو ئەمنی
وهكو بهرپرسه باڵاكهى پهیهده
ئاماژهى پێكرد، بهگوێرهى ڕێککەوتنى ههسهدهو حكومهتهكهى شهرع، بڕیارە سێ
لیوای تایبهت بههەسەدە لەجزیرەو دوو لیوا-ش لەکۆبانێ تێکەڵی ناو سوپای سوریا
ببن، هەروەها هێزەکانی ئاسایش دەبنە بەشێک لەوەزارەتی ناوخۆی سوریا، بەو مەرجەی لەناوچەکانی
خۆیان بمێننەوە بۆ پاراستنی تەناهی.
زمانو پەروەردە
لهبهشێكى دیكهى لێدوانهكهیدا هەدیه
یوسف ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ئاماژهى بهمژاری خوێندن بەزمانی دایک
لەناوچە کوردییەکان كردو جهختیكردهوه، "خوێندن بەزمانی دایک بۆ ئێمە بابەتێکی
ستراتیژییە، چونکە ئەمە ناسنامەی ئێمەیەو تێکۆشانی دواڕۆژمانە، لەم چوارچێوەیەدا،
ئەو بەرپرسەی پەروەردە کە لەلایەن ئێمەوە پێشنیازکرابوو، دەستبەکاربوەو ئێستا بەشێوەیەکی
فەرمیی دەستی بەکارەکانی کردوە".
ئهوهشى وت، "بهگوێرهى ڕێککەوتنی
29ی کانونی دوەمو گفتوگۆکانمان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەى دیمهشق، دەبێت خوێندن لەناوچە
کوردییەکان بەزمانی کوردی بێت، هەروەها ئەو دامەزراوانەی ئێمە کە بەتایبەت کار لەسەر
زمان دەکەن، وەک (سازیی زمانی کوردی)، دەیانکەین بەدامەزراوەی فەرمیی، سەبارەت بەپڕۆگرامەکانی
خوێندنیش (میتۆد)، لیژنەیەکی گشتیی پێکدەهێنرێتو دەستەی پڕۆگرامەکانی ئێمەش تێیدا
بەشداردەبێت، بۆ ئەوەی پڕۆگرامێکی یەکگرتوو بۆ تەواوی سوریا دابڕێژرێتو ئەم پڕۆگرامەش
لەناوچە کوردییەکان بەزمانی کوردی دەبێت، بەڵام ئەمکارە دوساڵ دەخایەنێت تاوەکو هەموو
پڕۆگرامەکان ئامادە دەبن".
چارەنوسی دەستگیرکراوان
هەدیه یوسف ڕەخنە لەدیمەشق دەگرێت کە
دۆسیەی دەستگیرکراوانی هەسەدەو تەرمی شەهیدان وەک کارتێکی سیاسیی بەکاردەهێنێت، جهختیشیكردهوه،
"ئەم دۆسیەیە بۆ ئێمە کارە هەرە سەرەکییەکەیەو ڕۆژانە هەوڵو کارەکانمان بەردەوامن
بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بەتەواوی چارەسەربکرێت، بەڵام بەداخەوە حکومەتی کاتیی دیمەشق
بەسەر هەموو ناوچەکانی سوریادا زاڵ نییەو هەموو پارێزگایەک نزیکەی بەسەربەخۆ کاردەکات،
لەلایەکی دیکەشەوە، حکومەتی دیمەشق دەیەوێت لەڕێگەی دیلەکانەوە وەک کارتێکی فشار
(کاغەزێکی سیاسیی) دژی ئێمە بەکاریان بهێنێت، لەهەمانکاتدا، حکومەتی دیمەشق دەیەوێت
لەڕێگەی ئەم دۆسیەیەوە ئاڵۆزییو تێکچون لەناو گەلەکەماندا دروستبکات، بەڵام دەمەوێت
زانیارییەکتان بدەمێ کە لەم چەند ڕۆژەی داهاتودا، ژمارەیەکی دیکە لەدیلەکانی هەسەدە
ئازاد دەکرێن".
گەڕانەوەی ئاوارەکان
لەکۆتاییدا، هەدیه یوسف تیشکیخستەسەر
بابەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەرێکانیو ڕایگەیاند، بارودۆخی سەرێکانیو عەفرین
وەک یەک نین؛ چونکە تائێستاش، سەرێکانی ڕاستەوخۆ لەلایەن تورکیاوە بەڕێوەدەبرێت، لەو
ڕوهشهوه وتی، "دیمەشق دەڵێت با ئاوارەکانی سەرێکانی بگەڕێنەوە، بەڵام تائێستا
هیچ گەرەنتییەکی ئەمنی لەئارادانییە، هەربۆیە، هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ ئەوەی گەلەکەمان
لەسەرێکانی-ش بەو شێوەیەی کە خەڵکی عەفرین دەگەڕێنەوە، ئەوانیش بگەڕێنەوەسەر ماڵو
حاڵی خۆیان".
