شارپرێس:
دوابەدوای لێدوانە مشتومڕاوییەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا، کە تێیدا ڕایگەیاندبوو وڵاتەکەی بڕێکی زۆر چەکی لەڕێگەی هێزە کوردییەکانەوە بۆ ناوخۆی ئێران ناردوە، دەبیرخانەی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران) بەتوندی ئەو لێدوانانەی ڕەتکردەوەو بەبێبنەما ناوی بردوه.
لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرایکرد، ئەمریکا هەوڵیداوە چەک بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران بنێرێتو وتی، "ئێمە بڕێکی زۆر چەکمان لەڕێگەی کوردەکانەوە بۆ ناردن، بەڵام پێموایە کوردەکان چەکەکانیان بۆ خۆیان هێشتەوە"، ئەم لێدوانە لەکاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکان لەناوچەکەدا لەوپەڕی ئاستی مەترسیدایە.
کۆمەڵە لەبەیاننامەیەکی فەرمیدا، کە وەک پاراستنی ناسنامەی سیاسیی خۆی وەسفیکردوە، نوسیویهتى، "کۆمەڵە نەک تەنها ئێستا، بەڵکو لەهیچ قۆناغێکدا بەشێک نەبوە لەپڕۆژە ئەمنییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل لەناوچەکەدا".
جهختیشیكردوهتهوه، "هێزی ڕاستەقینەی خەباتی ئێمه لەهۆشیارییو ڕێکخراوەیی خەڵکی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لەهاوکاریی سەربازیی دەوڵەتە بیانییەکان، جەختدهكهینهوه، سیاسەتی هەمیشەییمان خۆدورگرتنە لەپڕچەککردنی کەشوهەوای سیاسیی کوردستان بۆ ئەوەی ڕێگریی لەسەرکوتی زیاتری جەماوەر بکەین".
لێدوانەكهى ترەمپ نەک تەنها لەلایەن کۆمەڵە، بەڵکو لەلایەن هێزهكانى دیکەی وەک حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانو پارتی ئازادیی کوردستانیشهوه بەتوندی ڕەتکرایەوەو بەهەوڵێک بۆ شێواندنی ڕاستییو پاساو هێنانەوە بۆ سەرکوتی زیاتر لەلایەن تارانەوە وەسفکراوە.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئەم لێدوانانەی ترەمپ لەکاتێکی هەستیاردا، دەبێتە هۆی زیاتر ئاڵۆزبونی دۆخی سیاسییو ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانو وڵاتانی دراوسێ.
