هاوارێكى به‌رز لەپەرلەمانی تورکیاوە: کلیلەکە ئامەد، مەهاباد، هەولێرو کۆبانێیە

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2032 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی‌و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لەگوتارێکی توندو پڕ لەپەیامی سیاسیدا لەناو پەرلەمانی تورکیاوه‌، ڕێگەی ڕاستەقینەی سەقامگیریی ناوچەکەی بۆ پایتەختەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەخشاند، باکرهان ڕایگەیاند، دانپێنان بەمافە ڕەواکانی کورد لەهەموو بەشەکاندا، نەک هەر نابێتە هۆی لاوازیی دەوڵەتان، بەڵکو دەبێتە هۆی گەورەتربون‌و بەهێزبونیان.


"کورد ئامرازی دەستی هیچ زلهێزێک نییە"
باکرهان لەکۆبونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا، تیشکیخستەسەر ئاڵنگارییە ئاڵۆزەکانی جیهان‌و ناوچەکە، ئەو بەڕاشکاوی وتى، "پێویستە چیتر وەک کارت یان ئامراز سەیری کورد نەکرێت، کورد ئامرازی دەستی هیچ زلهێزێک نییە"، بەمەش ویستی ئاماژە بەوەبدات کە ئیرادەی سیاسیی کورد سەربەخۆیەو دەیەوێت لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی تێیدا دەژی (تورکیا، ئێران، عێراق‌و سووریا) بگاتە ڕێککەوتن.

نەخشەی چارەسەری لەتارانەوە تا ئەنکەرە
هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختیکردەوە، چارەسەریی کێشە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەستراوەتەوە بەچارەسەری کێشەی کورد، ئەو بەزمانێکی دیپلۆماسی‌و کاریگەر وتی، "کاتێک تاران دان بەمافی مەهاباددا بنێت، كۆبانێى قبوڵ بێت، بەغدا مافەکانی هەولێرو سلێمانی بدات‌و ئەنکەرەش دان بەبونی کوردو مافەکانی ئامەددا بنێت؛ ئەوا هەموو ئەو وڵاتانە گەورەتر دەبن‌و هیچ کێشەیەک لەناوچەکەدا نامێنێت".

پەیامێک بۆ ناوخۆی تورکیا
باکرهان ئاماژەی بەوەکرد، کورد هەمیشە هەوڵدەدات کێشەکانی لەگەڵ پایتەختەکاندا چارەسەربکات، نەک لەدەرەوەی سنورەکان، ئەم گوتارەی باکرهان لەکاتێکدایە کە ناوچەکە بەدۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت‌و دەنگۆی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتیی لەتورکیا جارێکی دیكه‌ سەریهەڵداوەتەوە.

باکرهان لەکۆتاییدا دوپاتیکردەوە، "ئاشتییەکی سەرتاسەری تەنها ئەوکاتە دێتەدی کە ناسنامەی کورد وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەن‌و لایەنێکی بڕیارده‌ر لەناوچەکەدا قبوڵبکرێت".

بەپەلە