شارپرێس:
لەکاتێکدا ئیسلام ئاباد خۆی بۆ لوتکەیەکی چارەنوسساز لەنێوان واشنتۆنو تاران ئامادە دەکات، جی دی ڤانس بەزمانێکی توندو ڕاشکاو هۆشداریی کۆتایی دەداتە ئێران؛ جیاکردنەوەی چارەنوسی لوبنان لەهورمز تاقیکردنەوەیەکی سەختە بۆ ژیریی سیاسیی تاران، لەنێوان دەستبەرداربون لەبریکارە هەرێمییەکانی یان ڕوبەڕوبونەوەی گەمارۆیەکی سەربازییو ئابوریی کە کۆشکی سپی دەڵێت، پێشوەختە ژێرخانی هێزەکەی تێکشکاندوە.
ململانێی خاڵەکان.. لە 10وە بۆ 15
پێش دەستپێکردنی گفتوگۆ چاوەڕوانکراوەکانی پاکستان، گۆڕەپانی میدیایی بوەتە مەیدانی شەڕە لێدوان، جهی دی ڤانس-ی جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بەزمانێکی پڕ لەمتمانەو کەمێک تەنزەوە، وەڵامی تاران دەداتەوە، کاتێک محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، باسی لەپێشێلکردنی سێ خاڵ کرد، ڤانس بەسادەیی وەڵامیدایەوەو وتى، "ئەمە واتە لەسەر زۆربەی خاڵەکان ڕێککەوتوین!".
بهگوێرهى زانیارییەکانی کۆشکی سپی، تاران پێشتر پێشنیازێکی 10 خاڵی پێشکەشکردبوو کە ترەمپ ڕەتیکردەوە، بەڵام ئێستا پلانێکی 15 خاڵی تۆکمەتر لەسەر مێزەکەیە.
لوبنان؛ ئەو هێڵەی لەسەر نەخشەی واشنتۆن نییە
خاڵی هەرە جەنجاڵی ئەم کێشمەکێشە لوبنانە، ڤانس بەڕاشکاوی دەڵێت، "ئێمە هەرگیز بەڵێنمان نەداوە ئاگربەست لوبنان بگرێتەوە".
ئهمریكا دەیەوێت ئێران بخاتە بەردەم دوو بژاردە، یان پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆییو کردنەوەی گەروی هورمز، یان تێوەگلان لەشەڕێکی وەکالەت لەلوبنان کە ئەمریکا دەڵێت، "پەیوەندیی بەئێرانەوە نییە".
هێڵە سورەکانی ترەمپ: ناوهكىو هورمز
ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەستراتیژییەکی "پراگماتیی توند" دەچێتە ناو دانوستانەکان، لێدوانەکانی کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەیەکی مەترسیدارن بۆ تاران كاتێك وتى، "سوپای ئەمریکا توانای دەریاییو ئاسمانی ئێرانی تێکشکاندوە، ئیتر ناتوانن چەک بۆ بریکارەکانیان بنێرن".
کارنامەی واشنتۆن بۆ ڕۆژی شەممە ڕونە كه دهڵێت، "یهكهم گەروی هورمز: دەبێت بەتەواوی بکرێتەوە (ئێران پێشوەختە ڕەزامەندیداوە)، دوهم دۆسیەی ئهتۆمى: هیچ مافێک بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بونی نییە، واشنتۆن سەیری کردار دەکات نەک باسى ماف، سێیهمیش ئاسایشی هاوپەیمانانه، ئاگربەست تەنها بۆ پاراستنی ئیسرائیلو وڵاتانی کەنداوە".
بەرەو ئیسلام ئاباد؛ کێ دەیباتەوە؟
وهفدى ئەمریکا بەسەرۆکایەتی ڤانسو بەشداریی جارید کۆشنەر، نیشانەی ئەوەیە کە ترەمپ دەیەوێت کێشەکە بنەبڕ بکات نەک تەنها دوایبخات، پرسیارەكهش ئەوەیە: ئایا تاران دەتوانێت دەستبەرداری کارتی لوبنان بێت لەپێناو ڕزگارکردنی ئابورییەکەی، یان وەک ڤانس دەڵێت، بەبڕیارێکی ناحەکیمانە مێزی دانوستانەکان وەردەگێڕێت؟.
ڕۆژی شەممە، جیهان چاوەڕێی دوکەڵی سپی لەئیسلام ئاباد دەکات، بەڵام مەرجەکانی واشنتۆن قورسترن لەوەی تاران بەئاسانی هەزمیان بکات.
