شارپرێس:
گۆڕەپانی سیاسی لەئەمریکا بەئاستێکی زۆر لەگرژیدایە، سەرکردایەتی پارتی دیموکرات لەئەنجومەنی نوێنەران، بەفەرمی هەنگاوی کردەیی گرتەبەر بۆ کاراکردنی مادەی 25ی دەستور بەمەبەستی لادانی دۆناڵد ترەمپ لەپۆستەکەی، ئەمەش دوای ئەوەی ترەمپ بەلێدوانەکانی لەبارەی ناوبردنی شارستانیەتێک (ئێران)و داخستنی گەروی هورمز، هەراو ترسێکی گەورەی نایەوە.
هەڕەشەی "تاوانی جەنگ"و کاردانەوەکان
حەکیم جێفریز سەرۆکی کەمینەی دیموکراتەکان، لەنامەیەکی تونددا بۆ هاوکارانی، هۆشداریدا لەوەی، قسەکانی ترەمپ لەپلاتفۆرمی تروس شۆشیال تەنها لێدوان نین، بەڵکو وهكو ئهو وتى، "هەڕەشەی دەستپێکردنی تاوانی جەنگن، داوا لەکۆمارییەکان دهكهم ئەرکی نیشتمانی بخەنە پێش دڵسۆزیی حزبیی بۆ ڕاگرتنی ئهو شێتیه".
لایەنە یاساییو سیاسییەکە
جیمی ڕاسکین ئەندامی لیژنەی دادوەریی ڕایگەیاندوه، دەستور ڕێگەیداوە بەکۆنگرێس دەستەیەکی تایبەت پێکبهێنێت بۆ دیاریکردنی شیاوی سەرۆک بۆ مانەوە لەپۆستەکەیدا، دهشڵێت، "ترسێکی قووڵ لەوڵاتدا هەیە بەرامبەر هەڕەشە تێکدەرەکانی ترەمپ".
وهكو ئهوهى میدیاكانى ئهمریكا باسیدهكهن، زیاتر لە 85 ئەندامی دیموکراتو دوو سیناتۆر بەفەرمی داوای لادانی ترەمپ دەکەن، ههروهها داواشدەکرێت جێگری سەرۆکو ئەنجومەنی وەزیران کۆببنەوەو بڕیاری نەمانی شیاوی ترەمپ بدەن، هاوكات دیموکراتەکان نایشارنهوه كه دەیانەوێت دەسەڵاتی جەنگ لەترەمپ وەربگرنەوە تا نەتوانێت بەبێ ڕەزامەندیی کۆنگرێس هێرشبکاتەسەر ئێران.
"پێش ئەوەی درەنگ بێت"
جی بی پریتزکەر پارێزگاری ئیلینۆی بەتوندترین شێوە هاتەدەنگو ڕایگەیاند، "بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیمان، دەبێت مادەی 25 کارابکرێتو ترەمپ دەستبەجێ بڕوات".
ئێستا چاوەکان لەسەر دانیشتنی هەفتەی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانە؛ ئایا کۆمارییەکان دەبنە بەربەست لەبەردەم ئەم بڕیارە، یان ترسی جەنگ هاوکێشەکان دەگۆڕێت؟
