وه‌زاره‌تى دارایی له‌باره‌ى ڕه‌وانه‌كردنى پاره‌وه‌ ڕاگه‌یه‌نراوى دوه‌مى بڵاوكرده‌وه‌

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2627 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی دارایی‌و ئابورى هه‌رێم ئاشكرایده‌كات، دارایی عێراق بەشێک لەتەمویلی موچەی مانگی ئاداری نەناردوە.

 
له‌ڕاگه‌یه‌نراوى دوه‌میدا، وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێم نوسیویه‌تى، "هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، لەگەڵ گەیشتنی تەمویلی موچەی مانگی ئادار، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بڕی 21 ملیارو 407 ملیۆن‌و 595 هەزار دیناری لەتەمویلی موچەی مانگی ئادار نەناردوە".

دارایی هه‌رێم ئه‌وه‌شى وتوه‌، "ئه‌و پاره‌یه‌ى نه‌نێردراوه‌، بریتییە لەشایستەی موچەی مانگەکانی ڕابردوی خانەنشینانی شارستانی‌و سەربازیی".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، له‌ڕاگه‌یه‌نراوى یه‌كه‌میدا، وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێم ئاشكرایكردبوو،  ئه‌مڕۆ پێنجشەممە  بڕی 957 ملیارو 222 ملیۆن دینار وەک شایستەی موچەی فەرمانبەران‌و موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی ئادار خرایەسەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی‌و ئابوری هەرێم لەلقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

ڕاشیگه‌یاندبوو، "بەهۆی ئەوەی پارەکە لەکۆتایی دەوامی فەرمی بانکی ناوەندی عێراق داخڵی سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان بوە، وەرگرتنی پارە لەلقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق دەکەوێتە ڕۆژی یەکشەممەو ڕاستەوخۆ هەمان ڕۆژ دوای وەرگرتنی پارەکە دەست بەدابەشکردنی موچە دەکرێت".