مژدە بۆ هاوڵاتیانی سلێمانی.. کۆتایی بەقەیرانی غاز دێت

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 10910 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس ـ چاوه‌ڕوان مه‌حمود:

دوای مانگێک لەتەنگژەو چاوەڕوانیی، دواجار بڕی بەرهەمهێنانی غاز لەکێڵگەی کۆرمۆر ئاسایی بوەوەو بەرپرسانی شارەکەش مژدەی کۆتاییهاتنی قەیرانەکە بەهاوڵاتیان دەدەن.

عومەر عەبدوڵڵا سەرۆکی لیژنەی غاز لەقائیمقامیەتی سلێمانی لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ شارپرێس ڕایگەیاند، "بڕی غازی تەرخانکراو بۆ سلێمانی زیادیکردوە، بەجۆرێک 120 تۆن بۆ ناوشارو 120 تۆنی دیکە بۆ دەرەوەی شار زیادکراوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستیی ڕۆژانەی پارێزگاکە لەنێوان 200 بۆ 230 تۆن غازدایەو بەم بڕە نوێیەی دابینکراوە، لەماوەیەکی زۆر کەمدا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوەو هیچ ماڵێک بێ غاز نامێنێت".

سەبارەت بەشێوازی دابەشکردنەکە، سەرۆکی لیژنەی غاز ڕونیکردەوە، پڕۆسەکە به‌گوێره‌ى فۆڕمی خۆراک ڕێکخراوە؛ ڕۆژانە تیمەکان دەگەڕێنە ناو گەڕەکەکان‌و غاز دەگەیەننە دەستی هاوڵاتیان، بەجۆرێک کە دادپەروەری لەدابەشکردندا هەبێت.

ئەم گۆڕانکارییە ئەرێنییە دوای ئەوەدێت کە لەدوو ڕۆژی ڕابردوەوە بەرهەمهێنان لەکێڵگەی کۆرمۆر گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی، ئەمەش دوای زیاتر لەمانگێک لەدروستبونی گرفت‌و گرانبونی نرخی غاز کە باری سەرشانی هاوڵاتیانی قورس کردبوو.