بی بی سی بەریتانی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا بۆسەر گەروی مورمز بەقومار وەسف دەکات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 181 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی بی بی سیی بەریتانی، هێزە دەریاییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا توانایەکی تەواویان هەیە بۆ سەپاندنی گەمارۆیەکی توند بەسەر جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا، بەڵام پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە: ئامانجی سیاسیی و ئابووریی پشت ئەم هەنگاوە چییە و مەترسییەکانی چین؟

 
ئەمیرال مارک مونتگۆمری، ئەفسەری خانەنشینکراوی دەریایی ئەمریکا، بۆ کەناڵی بی بی سی ڕایگەیاندووە کە گەمارۆدان بژاردەیەکی کردەییە و مەترسییەکانی زۆر کەمترە لە بژاردەکانی تری وەک ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ یان داگیرکردنی دوورگەی "خارج".

ئەو دەڵێت: ئەم ستراتیژە ڕێگە بە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا دەدات لە ئاوە قووڵەکانی دەریای عوماندا بمێننەوە و لە دوورەوە چاودێریی و پشکنینی کەشتییەکان بکەن، بەبێ ئەوەی خۆیان بخەنە بەر مەترسیی موشەک و درۆن و مینە دەریاییەکانی ئێران لە ناوچە تەسکەکانی گەرووی هورمزدا.

بەپێی زانیارییەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ئەم گەمارۆیە بە شێوەیەکی بێلایەنانە بەسەر هەموو ئەو کەشتیانەدا دەسەپێنرێت کە ڕوو لە بەندەرەکانی ئێران دەکەن یان لێیانەوە دەردەچن، تەنها کەشتییەکانی هەڵگری هاوکارییە مرۆییەکان ڕێگەیان پێ دەدرێت، ئەویش دوای پشکنینی ورد. 

ئامانجی واشنتۆن ڕوونە، بڕینی سەرچاوەی داهاتی پترۆکیمیاوی ئێران کە ساڵانە ملیارەها دۆلار بۆ تاران دابین دەکات، لە کاتێکدا ئێران ڕێگری لە وڵاتانی تری کەنداو کردووە هیدرۆکاربۆنەکانیان هەناردە بکەن.

لە بەرانبەردا، تاران پێیوایە دەتوانێت بەرگەی ئەم فشارە بگرێت. پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران لەو بڕوایەداە کە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت زیاتر زیان بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەگەیەنێت، ئەمەش وا دەکات وڵاتانی ناوچەکە فشار بخەنە سەر واشنۆتن بۆ کردنەوەی گەرووەکە. 

دەیڤید ساتەرفێڵد، نێردەی پێشووی ئەمریکا، دەڵێت: "ئێرانییەکان وا هەست دەکەن کە براوەن و دەتوانن بۆ ماوەیەکی درێژتر بەرگەی ئازار بگرن."

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بازاڕی کەشتیوانیی تووشی دڵەڕاوکێ بووە و ڕیچارد مەید، سەرنووسەری (لۆیدز لیست)، دەڵێت دوای ڕاگەیاندنەکەی دۆناڵد ترەمپ، جۆرێک لە هەڵاتنی کەشتییەکان لە ناوچەکە بینراوە و جموجۆڵەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
لە کۆتاییدا، ئەم هەنگاوەی ترەمپ وەک "قومارێکی گەورە" وەسف دەکات و دەڵێت لێکەوتەکانی بەم زووانە دەردەکەون.


بەپەلە