مانۆڕه‌ نایابه‌كه‌ى تره‌مپ چۆن شكستیهێنا؟

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1951 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێرەی ڕاپۆرتێکی شیکاریی ڕۆژنامەی "موسکوفسکی کۆمسۆمۆلیتس"ی ڕوسی، ستراتیژیەتی ئێران، توانیویەتی پلانی ئەمریکا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خێرای دۆخەکە تێکبشکێنێت.


ڕۆژنامەکە لەڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوەدەکات، ئەمریکا بەهەڵە لەتواناکانی ئێرانی تێگەیشتوەو پێشبینی ئەوەی دەکرد، لەماوەیەکی کورتدا کۆتایی بەتواناکانی بهێنێت، بەڵام دەرکەوت ئێران بۆ جەنگێکی درێژخایەن خۆی ئامادەکردوە.

هەروەک دەڵێت، "ڕاپۆرتێکی نوێی هەواڵگریی ئەمریکا ئاشکرایکردوە کە دوای تێپەڕبونی 50 ڕۆژ بەسەر پێکدادانەکانی کەنداو، ئێران هێشتا لانیکەم 60%ی سەکۆکانی هاویشتنی موشەک‌و 40%ی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بەدەستەوە ماوە، جگەلەوەش، زیاتر لە 70%ی کۆگای موشەکیی خۆی پاراستوەو پرۆسەی بەرهەمهێنانیش بەردەوامە".

شارەزایانی سەربازیی پێیانوایە، ئەمە شکستی گریمانەی تەسلیمکردنی تاران لەسێ ڕۆژدا دەسەلمێنێت.

ئەوەش هاتوە، خاڵی وەرچەرخان لەم ململانێیەدا ئەوەیە کە ئێران بەبێ پێویستبون بەچەکی ناوەکیی، توانیویەتی دەستبەسەر گەروی هورمزدا بگرێت، ئەمەش بەواتای کۆنتڕۆڵکردنی نزیکەی 20%ی نەوتی جیهان دێت، کە وەک قەڵغانێکی جیۆئابوریی بۆ تاران کاردەکات.

پێشیوایە، ئەم مۆدێلە نوێیەی هێز، ئەوە دەسەلمێنێت کە دەستگرتن بەسەر ناوەندە لۆجستیکییە هەستیارەکانی ئابوریی جیهان، لەشەڕی کلاسیکی‌و تێکشکاندنی سوپای بەرامبەر کاریگەرترە، بۆیە ئێستا ئەمریکا لەبەردەم ڕاستییەکی تاڵدایە؛ پێویستە ڕێگەیەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هێزە ئابورییە بدۆزێتەوە کە وەک چەکی ستراتیژیی بەکاردێت.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت، "ئەم هاوکێشەیە بۆتە ئاستەنگێکی گەورە بۆ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەکەنداو، چونکە ئێران نەک تەنها توانیویەتی بەرگریی لەخۆی بکات، بەڵکو توانیویەتی بەدروستکردنی هاوسەنگییەکی نوێ، سەرجەم پێشبینییە سیاسیی‌و سەربازییەکانی واشنتۆن هەڵبوەشێنێتەوە". 

لەکۆتاییدا ڕۆژنامە ڕوسییەکە پێیوایە کە ئێران سەلماندی کە لەجەنگی هاوچەرخدا، کۆنتڕۆڵکردنی شاخوێنبەرە  ئابورییەکانی جیهان، دەتوانێت هاوتای کاریگەریی چەکی ناوەکیی بێت‌و ئاراستەی ململانێکان بەتەواوی بگۆڕێت.

بەپەلە