شارپرێس:
ئەمریکا فشارەکانی بۆسەر ئێران توندتر دەکاتو ستراتیژێکی نوێ پەیڕەو دەکات کە تێیدا گەمارۆی دەریاییو کۆکردنەوەی هێزی سەربازیی لەگەڵ ڕێڕەوی دیپلۆماسی تێکەڵکردوە، ئەم هەنگاوەی واشنتۆن وەک بەکارهێنانی کارتی سەربازیی دەبینرێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لەدانوستانەکاندا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ناوچەکە چاوەڕوانی ئاکامی گفتوگۆکانەو ئاگربەستیش بەفشەڵی ماوەتەوە.
بهگوێرهى ڕاپۆرتە هەواڵگرییو مەیدانییەکان، هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا گەمارۆیەکی توندیان خستوەتەسەر جوڵە بازرگانییەکانی ئێران لەڕێگەی دەریاوە، ئۆپەراسیۆنەکان زیاتر لەدەوروبەری بەندەرە سەرەکییەکانی وەک (چابەهار، بەندەر عەباس، بوشەهرو خارگ) چڕکراونەتەوە، بەئامانجی لێدان لەدەمارە گرنگەکانی ئابوریی ئێران.
كهشتى فڕۆکەهەڵگری (ئەبراهام لینکۆڵن) سەرکردایەتی ئەم بڵاوەپێکردنە دەکات، کە فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتوی جۆری (F-35C)ی ڕادارشکێنو (F/A-18)ی لەسەرە، لەگەڵ فڕۆکەکانی شەڕی ئەلیکترۆنی (EA-18G)و کۆمەڵێک هەلیکۆپتەرو فڕۆکەی چاودێریی، ئەم هێزە توانایەکی بێوێنە دەداتە واشنتۆن بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی کایەی دەریاییو ئاسمانی ناوچەکە.
لەدەوروبەری گەروی هورمزیش، ژمارەیەک کەشتی جەنگیو تێکشکێنەر لەگەڵ ژێردەریاکانی ئەتۆمی جێگیرکراون، ڕاپۆرتەکانیش ئاماژە بەوەدەکەن، بەهۆی ئەم گەمارۆیەوە، تائێستا بەلایەنی کەمەوە شەش کەشتی بازرگانی ناچاربون ڕێڕەوی خۆیان بگۆڕن، ئەمەش یەکەم نیشانەی کاریگەرییە کردارییەکانی گەمارۆکەیە لەسەر گەشتە دەریاییەکانی پەیوەست بەئێران.
هاوکات، ئهمریكا پێگەی خۆی بەكهشتى فڕۆکەهەڵگری ئەتۆمی (یو ئێس ئێس جێراڵد فۆڕد) بەهێزترکردوە، هەروەها كهشتى فڕۆکەهەڵگری سێیەم (یو ئێس ئێس جۆرج بوش)ه، بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتوەو چاوەڕواندەکرێت لەچەند ڕۆژی داهاتودا بگات، چاودێرانیش باس لهوهدهكهن، ئەمە گەورەترین کۆکردنەوەی هێزی دەریایی ئەمریکایە لەناوچەکەدا کە لەچەند ساڵی ڕابردودا وێنەی نەبوە.
چاودێران پێیانوایە، ئەم جوڵە سەربازییانە ئامرازێکی فشارن بۆ سەر تاران؛ ئەگەر دانوستانەکان شکستیانهێنا، ئهمریكا ئامادەیە فشارەکان بۆ ئاستێکی بەرزتر ببات، تائێستاش ئەمریکا هیچ کاتێکی دیاریکراوی بۆ کۆتاییهێنان بەم گەمارۆیە ڕانەگەیاندوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئیدارەی ترهمپ دەیەوێت تا گەیشتن بەئەنجامێکی سیاسیی کۆنکرێتی، چەکوشە سەربازییەکەی بەسەر سەری تارانەوە بهێڵێتەوە.
