ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هۆشداریى به‌واشنتۆن‌و ئێران ده‌دات

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1086 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕافائیل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، هۆشدارییەکی توند دەداتە واشنتۆن‌و تاران‌و ڕایدەگەیەنێت، "هەر ڕێککەوتنێک لەنێوانیاندا بێت، بەبێ بەشداریی‌و چاودێریی ئێمه‌ وەهمێکی بێبەها دەبێت".


گرۆسی لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی تێلێگراف-ی بەریتانی جەختیکردەوە، تەنها ئاژانسەکەی ئەوان دەتوانێت جێبەجێکردنی هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری پشتڕاستبکاتەوە، چونکە ئەوان بەوردی ئاگاداری دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانن‌و تەنها لایەنن کە دەتوانن شەفافیەتی تەواو لەپرۆسەکەدا دەستەبەربکەن.

بەڕێوەبەری ئاژانسەکە پێشبینیدەکات، "هەر ڕێککەوتنێکی نوێ هاوشێوەی ڕێککەوتنەکەی 2015 بێت، کە تێیدا ئێران پابەندبکرێت بەکەمکردنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوو ڕەوانەکردنی بڕە زیادەکە بۆ وڵاتێکی سێیەم، به‌ڵام مەترسیمان هه‌یه‌ لەبارەی سەلامەتی ئەو بنکە ئەتۆمییانەی کە بەر هێرش کەوتون".

لەبەشێکی دیكه‌ى په‌یامه‌كه‌یدا گڕۆسی هۆشداریدا لەزیندوبونەوەی گفتوگۆی خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمی لەوڵاتانی وەک پۆڵەندا، کۆریای باشورو ژاپۆن کە ئەوەش جیهان دەخاتە دۆخێکی زۆر مەترسیدارەوە.

هەروەها نیگەرانی خۆی لەگەشەی خێرای بەرنامە ئەتۆمییەکانی چین‌و کۆریای باکور دەربڕیی.

سەبارەت بەدۆسیەی سوریا، گرۆسی نه‌یشارده‌وه‌، "هەوڵدەدەین سوریا لەلیستی مەترسییەکانی ئاژانسەکە دەربهێنین، لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی نوێی سوریا لەپەیوەندیدام بۆ یەکلاکردنەوەی پاشماوەی ئەو مادە ئەتۆمییانەی کە پشکنەران لەسەردەمی ڕژێمی پێشودا دۆزیویانەتەوەو پێویستیان بەپشتڕاستکردنەوەی کۆتایی هەیە".

بەپەلە