کلیلەکە لای ترەمپە.. تاران مەرجی گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان ئاشکرادەکات

جیهان

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6705 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەوەرچەرخانێکی نوێی دیپلۆماسیدا، میدیاى ئه‌مریكى پەردە لەسەر هەوڵە نهێنییەکانی نێوان واشنتۆن‌و تاران لادەبات، به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێکی میدیاى ئه‌و وڵاته‌، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەڕێگەی نێوەندگیریی پاکستانەوە پەیامێکی ڕونی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ کردوەو وتویه‌تى، "هەڕەشەکان ڕاگرە، تا باڵی توندڕەوی ناوخۆ بهێنینە سەر مێزی گفتوگۆ".


ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جورناڵ-ى ئه‌مریكى ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه‌، ئەم هەوڵە هاوکاتە لەگەڵ دەرکەوتنی جۆرێک لەنەرمی نواندنی ئەمریکی لەهەمبەر دۆسیە ئەتۆمییەکەدا.

بەرپرسانی نێوەندگیر ئاماژەیان بەوەكردوه‌، واشنتۆن ڕەنگە ڕێگە بدات ئێران لەنیوەی دوەمی پلانێکی درێژخایەنی 20 ساڵەدا، هەندێک لەچالاکییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم ئەنجامبداتەوە؛ ئەمەش وەک هەنگاوێکی هاندەر بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان دەبینرێت.

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، لەبەرامبەر ئەو نەرمییەی ئەمریکا، تاران کورتەنامەیەکی سیاسیی بۆ کۆشکی سپی ناردوە؛ ناوەڕۆکی پەیامەکە دەڵێت، "گۆڕینی زمانی هەڕەشەئامێزی ترەمپ، تەنها ڕێگەیە بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی تاران قایل ببن کە ئێستا زێڕینترین کاتە، بۆ دەستپێکردنەوەی دیپلۆماسی‌و کۆتاییهێنان بەچەقبەستویی چەندین ساڵە".

ڕۆژنامه‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ پێیوایه‌، ئەم پێشهاتە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ناوچەکە لەبەردەم قۆناغێکی نوێی دیپلۆماسیی مەرجداردایە، کە تێیدا پاکستان وەک پردێکی سەرەکی لەنێوان دوو دوژمنە کۆنەکەدا ڕۆڵدەگێڕێت.