ئێران له‌باره‌ى هورمزه‌وه‌ په‌یامێكى به‌په‌له‌ ئاراسته‌ى ئه‌مریكا ده‌كات

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2949 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەسەر لێواری گرژییەکی نوێ، ئێران زمانی هەڕەشە بەرامبەر واشنتۆن توندتر دەکات، عەلی نیکزاد ڕایگەیاند، "کلیل‌و چارەنوسی گەروی هورمز تەنها لەژێر ڕکێفی هێزە چەکدارەکانی ئێراندایەو هەر هەوڵێکی ترەمپ بۆ گۆڕینی هاوکێشەکان، بەشکستێکی مێژویی دیكه‌ى ئەمریکا کۆتایی دێت".


عەلی نیکزاد جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەپەیامێکی توندو ئاشکرادا ڕایگەیاند، "کۆنترۆڵی ستراتیژیی گەروی هورمز گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەسەرداهاتوەو ئێمە گەروی هورمز ناگەڕێنینەوە بۆ دۆخی جاران، ئەمەش فەرمانی ڕاستەوخۆی ڕێبەرایەتییە".

نیکزاد لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەکرد، سەردەمی باڵادەستیی هێزە بیانییەکان لەناوچەکە کۆتاییهاتوە.

ئەو بەڕەخنەگرتن لەسیاسەتەکانی ئەمریکاو هەوڵە نێوەندگیرییەکانی پاکستان وتی، "ترەمپ هەڵەیەکی گەورە دەکات کە چاوەڕێی گۆڕانکاریی لەهەڵوێستی ئێران دەکات، ئێران لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتمانی‌و سەروەریی خۆی بڕیار دەدات".

جێگری سەرۆکی پەرلەمان تیشکیخستەسەر لێدوانە دژبەیەکەکانی سەرۆکی پێشوی ئەمریکاو وتی، "ترەمپ کاتی خۆی دوای هێرشەکانی سەر فۆردۆو نەتەنز بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە توانای ئەتۆمی ئێرانی لەناوبردوە، کەچی ئێستا بەترسەوە دەڵێت ناتوانێت بونی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران قبوڵ بکات".

ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە هێزی پیشەسازیی ئەتۆمیی ئێران نەک هەر لەناو نەچوە، بەڵکو بوەتە ڕاستییەکی سەپێندراو کە واشنتۆن ناتوانێت نادیدەی بگرێت.

لەکۆتایی لێدوانەکەیدا، نیکزاد دوپاتیکردەوە، تاران چیتر لەژێر هەڕەشەدا دانوستان ناکات‌و گەروی هورمز وەک کارتی گوشاری سەرەکی لەدەستی هێزە چەکدارەکانی ئێراندا دەمێنێتەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی.