شارپرێس:
عەلی لامی، پەرلەمانتاری پێشوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێشبینی کردووە ئەمڕۆ یەکشەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی یەکلاکردنەوەی ناوی کاندیدەکەی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەتی داهاتوو ڕابگەیەنێت.
لامی بە پێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ کۆتا وادەی دەستوورییە بۆ پێشکەشکردنی کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی، هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی جوڵەی سیاسییان چڕ کردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، شەوی ڕابردوو کۆبوونەوەیەکی گرنگ بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سودانی و بە ئامادەبوونی عەمار حەکیم و قەیس خەزعەلی بەڕێوەچووە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم دۆسیەیە.
پێشبینی دەکرێت دوای کاتژمێر 8ی ئەمشەو، لە ڕێگەی بەیاننامەیەکی فەرمییەوە ناوی کاندیدەکە ئاشکرا بکرێت. لامی باسی لەوە کردووە کە لە ئێستادا چوار کاندید لە کێبڕکێدان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
بەپێی دەستووری عێراق، ماوەی پێکهێنانی حکومەت 4 مانگە، بەڵام بەکارهێنانی وشەی "لە ماوەی" لە دەقە دەستوورییەکاندا ڕێگە بە لایەنە سیاسییەکان دەدات کە پێش وادەی دیاریکراو حکومەت پێکبهێنن