ئایا سیناریۆی کۆرۆنا دوبارە دەبێتەوە؟ نیشانەو ڕێگاکانی خۆپاراستن لە "هانتاڤایرۆس" چین؟

تەندروستی

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 770 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کەشتیی گەشتیاریی "ئێم ڤی هۆندیۆس" لە 2ی ئایارەوە بۆتە جێی نیگەرانییەکی نێودەوڵەتیی، دوای ئەوەی ڕێکخراوی تەندرووستیی جیھانیی گیانلەدەستدانی 3 سەرنشینی بەهۆی گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی هانتا ڕاگەیاند.

 ئەم ڕووداوە ترسی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی پەتای کۆرۆنای لای خەڵک درووست کرد، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوەکە لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە 6ی ئایاردا دڵنیایی دا کە بارودۆخەکە هاوشێوەی سەرەتاکانی کۆرۆنا نییە.

ڤایرۆسی هانتا چییە؟
ڤایرۆسی هانتا کۆمەڵە ڤایرۆسێکن کە لە ڕێگەی قرتێنەرەکانەوە، وەک مشک و جرج، بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە. تووشبوونەکە کاتێک ڕوودەدات کە مرۆڤ بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی هەبێت لەگەڵ میز، پاشەڕۆ یان لیکی ئەم گیاندارانە.
زۆربەی کات گواستنەوەکە لە ڕێگەی هەواوە دەبێت کاتێک جەستە بەر ئەو گەردیلە ڤایرۆسییانە دەکەوێت کە لە کاتی پاککردنەوەی شوێنە پیسبووەکاندا بڵاو دەبنەوە.
جۆری "ئەندێز"ی ڤایرۆسەکە کە لە ئەرجەنتین و چیلی بڵاوە، تاکە جۆری ناسراوە کە دەتوانێت لە ڕێگەی تێکەڵاوبوونی نزیک و درێژخایەنەوە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤی تر بگوازرێتەوە. ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی پشتڕاستی کردۆتەوە کە ئەو بڵاوبوونەوەیەی لەسەر کەشتییەکە تۆمار کراوە، دەگەڕێتەوە بۆ دەستنیشانکردنی رەچەڵەکی "ئەندێز".

نیشانەکانی نەخۆشییەکە:
نیشانەکانی ئەم ڤایرۆسە بەزۆری دوای 1 بۆ 8 هەفتە لە بەرکەوتن دەردەکەون و بریتین لە تا، ئازاری ماسولکە و تێکچوونی کۆئەندامی هەرس. لە ئەورووپا و ئاسیا، ئەم ڤایرۆسە دەبێتە هۆی تای خوێنبەربوون و تێکچوونی فرمانی گورچیلەکان.
 بەڵام لە کیشوەری ئەمریکا، تووشبوونەکە دەبێتە هۆی نیشانەی توندی دڵ و سییەکان کە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی خێرای شلەمەنی لە سییەکاندا. ڕێژەی مردن بەم جۆرەی کۆتایی دەگاتە 50%، لە کاتێکدا لە جۆرەکانی تری ئاسیا و ئەورووپادا لە نێوان 1% بۆ 15% دایە.

چارەسەر:
تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی تایبەت بۆ ڤایرۆسی هانتا نییە و پزیشکان تەنها ڕێگەی پشتگیریی نیشانەکان بەکاردەهێنن، وەک پێدانی شلەمەنیی و بەکارهێنانی ئامێری هەناسەدانی دەستکرد. باشترین ڕێگەی خۆپارێزیش کەمکردنەوەی بەرکەوتنە لەگەڵ قرتێنەرەکان و پاراستنی پاکوخاوێنیی شوێنەکان.
 ڕێکخراوی تەندرووستیی جیھانیی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم بڵاوبوونەوەیەی ناو کەشتییەکە نائاساییە و تیمەکانیان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی زیاترن بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.


ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی