پێشەکی
لە سەرەتای ساڵی
2026ەوە، پرۆسەیەکى ئاشتیی نوێ لەنێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کەوتەوە
بەر باسوخواس، ئەوەش دوای ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە و ڕاگرتنی فەرمی خەباتی
چەکداری، وەک بەشێک لەو پرۆژەیەی حکومەتی تورکیا کە پرۆژەی "تورکیاى بێ تیرۆر"
ناوزەندکرا. بەڵام ئەم پڕۆسەیه بەهۆی نەبوونی متمانە بەیەکتر و ناکۆکی له سەر میکانیزمەکانی
جێبەجێکردن، به خێرایی چووه قۆناخێکی چەقبەستووییەوە.
لە کاتێکدا ئەنقەرە
پێی وایە کە چەکداماڵینی تەواوەتى دەبێت پێش هەر چاکسازییەکی سیاسی یان یاسایی بێت،
بەڵام پەکەکە پێداگری لەسەر پێویستیی بوونى گەرەنتی یاسایی و سیاسی ڕوون دەکات پێش
هەڵوەشاندنەوەی کۆتایی پێکهاتە سەربازییەکەی. ئەم ناکۆکییە بووەتە هۆی خاوبوونەوەی
پرۆسەکە، دروست بوونى ترس لە هەرەسهێنانى پڕۆسەکە هاوشێوەی ئەزموونەکانی پێشوو.
پاشخانی مێژوویی
پرۆسەی ئاشتی تورکیا-کورد
ململانێی نێوان
دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ساڵی ١٩٨٤ دەستی پێکرد کاتێک
پەکەکە بە سەرکردایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان شۆڕشی چەکداری ڕاگەیاند و داوای مافی نەتەوەیی
و سیاسیی بۆ کورد لە ناوخۆی تورکیا کرد. لە ماوەی چوار دەیەدا، ئەو ململانێیە بووەتە هۆی
گیان لەدەستدانی دەیان هەزار کەس، گەیاندنى زیانى ئابووری و ئەمنی بەرچاو، دروستکردنى گرژییلە نێوان نەتەوە و پێکهاتە سیاسییەکانی ناو تورکیا و دەستێوەردانی سەربازی تورکیا لە باکوری
عێراق و سوریا.
هاوکات پەیوەندییەکانی
نێوان هەردوولا چەندین هەوڵی گفتوگۆی بەخۆیەوە بینیوە، دیارترینیان دانوستانە نهێنییەکانی ئۆسلۆ
(٢٠٠٨-٢٠١١)، پرۆسەی ئاشتی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥، ئاگربەستی ڕانەگەیەندراوی دوای دەستگیرکردنی
ئۆجەلان و دەستپێشخەرییە سیاسییەکان کە پێشتر پارتی دیموکراتی
گەلان (هەدەپە) سەرۆکایەتی دەکرد. بەڵام هەموو ئەم هەوڵانە بەهۆی نەبوونی متمانە
و ناکۆکی لەسەر بابەتەکانی وەک چەک و حوکمڕانی ناوخۆیی و شوناسی نەتەوەیی هەرەسی
هێنا.
پرۆژەی "تورکیا
بێ تیرۆر"
لە ساڵی ٢٠٢٥
حکومەتی تورکیا پرۆژەیەکی سیاسی و ئەمنیی بە ناوی "تورکیاى بێ تیرۆر" دەستپێکرد،
بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی چەکداری کورد بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە. پڕۆژەکە لەسەر چەند پایەیەک دامەزراوە
لەوانە هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی سەربازی پەکەکە، کۆتایی هێنان بە بوونی چەکداری پەکەکە
لە ناو خاکى تورکیا و عێراق، گۆڕینی چالاکی سەربازى کوردی بۆ پرۆسەیەکی
سیاسی مەدەنی، بەهێزکردنی سەقامگیری ناوخۆیی و کەمکردنەوەی بارگرانی ئەمنی و ئابووری.
ئەم پڕۆژەیە پاڵپشتییەکی
ڕوونی لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و هەروەها لەلایەن دەوڵەت
باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی مەهەپە وەرگرت، کە ڕۆڵێکی بەرچاوی
هەبوو لە دروستکردنی کەشێکی سیاسی لەبار بۆ گفتوگۆ. بەڵام ئەم پڕۆژەیە بە خێرایی ڕووبەڕووی بەربەست
بووەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەنقەرە سوور بوو لەسەر ڕێبازی "سەرەتا ئاسایش"ی
خۆیەوە.
هۆکارەکانی چەقبەستوویی
پرۆسەکە
ناکۆکی لەسەر ئەولەویەتی داماڵینی چەک: ئەنقەرە پێی وایە کە پێش هەر چاکسازییەکی سیاسی دەبێت پێکهاتەی سەربازی بە تەواوەتی هەڵبوەشێتەوە، چەکی قورس ڕادەست بکرێت، بنکەکانی پەکەکە لە هەرێمىکردستان چۆڵبکرێت، گەرەنتی بدرێت لە بەرامبەر نە گەڕانەوە بۆ چالاکیی چەکداری. لەبەرامبەردا سەرکردایەتی پەکەکە پێی وایە چەکداماڵینی تەواوەتى بەبێ گەرەنتی یاسایی و سیاسی بە ماناى خۆبەدەستەوەدانى بێمەرجە نەک چارەسەرکردن و لە بەرامبەردا داواى لێبوردنێکی گشتى یان لانى کەم بەشێک لە هێزى پارتەکە و تێکەڵ بوونەوەى گەریلا بە ژیانی مەدەنی و سیاسی وپێدانى ڕۆڵی سیاسی ڕاستەوخۆ بە ئۆجەلان دەکات و هاوکات داواى ئەنجامدانى چاکسازیی دەستووریی دەکات پەیوەست بە شوناسی کوردەوە.
قەیرانی مێژوویی متمانە: پرۆسەکە بەدەست میراتێکی درێژخایەنی ڕێککەوتنە شکستخواردووەکانەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی دوای شکستی پرۆسەی ئاشتی ساڵی ٢٠١٥، کاتێک ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان بە چڕییەکی زیاترەوە دەستیانپێکردەوە. ئەنقەرە ترسی ئەوەی هەیە پەکەکە دووبارە پێگەی سەرباز خۆى بەهێزبکاتەوە و سوود لەماوەى ئاگربەست وەبرگرێت بۆ خۆڕێکخستنەوە، لە کاتێکدا پەکەکە ترسی ئەوەی هەیە کە چەکداماڵین بەکاربهێنرێت بۆ نەهێشتنی کاریگەریی پارتەکە، جگە لەوەى کە هیچ گەرەنتییەکی یاسایی بوونی نییە و دەستگیرکردنە سیاسییەکان تا ئێستاش بەردەوامیان هەیە.
دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان: دۆسێی عەبدوڵڵا ئۆجەلان یەکێک لە خاڵە بنەڕەتییەکانى دانوستانەکان پێکدەهێنێ، بەشێوەیەک کە لایەنە کوردییەکان پێیان وایە سەرکەوتنی هەر پرۆسەیەکی ئاشتی پێویستی بەوەیە بارودۆخی دەستبەسەرکردنی ئۆجەلان باشتربکرێت، ڕێگە بدرێت تا بەشداری گفتوگۆی سیاسی بکات و ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆی پێبدرێت لە بەڕێوەبردنی پرۆسەکەدا. بەڵام دەوڵەتی تورکیا بە هۆی هەستیاری پرسەکە لە نێو نەتەوەپەرستانی تورک و ڕای گشتیدا، بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە دەکات.
ڕەهەندی هەرێمى
کوردستان و ئاڵۆزییەکانی جوگرافیای ئەمنی
ناوچەکانی
باکووری هەرێمى کوردستان ئاڵۆزترین ئەڵقە لە پرۆسەی کەمکردنەوەی گرژییەکان پێکدەهێنن،
بەهۆی بەردەوامی بوونی بنکە و ناوەندەکانی کاریگەریی پەکەکەوە لە قەندیل، زاخۆ، ئامێدی و سیدەکان. تورکیا پێی وایە کۆتایی هێنان بەو هەڕەشەیە پێویستی
بە چۆڵکردنی
ئەو ناوچانە، هەڵوەشاندنەوەی کەمپەکان، ڕادەستکردنی چەکی قورس هەیە لەژێر
چاودێرى حکومەتى ناوەندى و حکومەتى هەرێمی کوردستان. بەڵام جێبەجێکردنی پراکتیکی ئەم
داواکاریانە ڕووبەڕووى ئاڵنگارى گەوە دەبێتەوە بەهۆی سروشتى شاخاویی ناوچەکە، تۆڕی ئاڵۆزی کاریگەری سەربازی، کۆنتڕۆڵى
سنووردارى حکومەتى ناوەندى بەسەر ناوچەکە، سەربارى هەستیاریی پرسەکە لە ناو هەرێمی
کوردستان.
کاریگەری گۆڕانکارییە
ناوچەییەکان
شەڕی ئێران: شەڕی ناوچەیی و گرژییەکانی پەیوەست بە ئێران، تورکیای زیاتر هەستیار کردووە، بەو پێیەی ئەنقەرە ترسی هەیە هێزە چەکدارە کوردییەکان سوود لە ناجێگیری ناوچەکە ببینن و بە پشتیوانى دەرەکى قەوارەیەک بۆ خۆیان دروست بکەن.
پرسی سوریا: ئەنقەرە بە نیگەرانییەوە لە بەهێز بوونى هێزەکانى سوریاى دیموکرات دەڕوانێت بەتایبەت بە هۆى بوونى پەیوەندی نزیک لەگەڵ پەکەکە، ئەمەش کاریگەری لەسەر حیساباتی تورکیا هەیە لە ناوخۆدا، بەو پێیەی حکومەت ترسی ئەوەی هەیە کە هەر کرانەوەیەکی سیاسی ناوخۆیی بتوانێت بوێری داخوازییەکانی دروستکردنى هەرێمێک بۆ کورد زیاتر بکات.
دابەزینی متمانە بە کارەکتەرە نێودەوڵەتییەکان: تادێت هێزە کوردییەکان -بە تایبەت دوا بەدوابەدواى پێشهاتەکانی سوریا- زیاتر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکەن، ئەمەش وایان لێدەکات زیاتر داواى گەرەنتی بکەن بەر لەوەوى بیر لە دانانى چەک بکەنەوە.
دابەشبوونى سیاسی باڵە جیاوازەکان لە تورکیا
لە ناو تورکیا کۆدەنگییەکی تەواو نییە لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پرۆسەکە.
ئەو هێزانەى لەگەڵ کرانەوەندان، پێیان وایە کۆتاییهێنان بەو ململانێیە دەبێتە هۆی
گەشەى ئابووری، کەمکردنەوەی بارگرانی سەربازی، بەدەستهێنانی سەقامگیری درێژخایەن و
باشترکردنی وێنەی نێودەوڵەتی تورکیا. لە بەرامبەردا ناسیۆنالیستە توندڕەوەکان ترسیان
لە شەرعیەتدانە بە سیاسەکانى پەکەکە و لاوازکردنی شکۆی دەوڵەت و سەرهەڵدانەوەی شۆڕش
هەیە لە داهاتوودا، هەر بۆیە حکومەتی تورکیا دوودڵە لە گرتنەبەری هەنگاوی سیاسی خێرا
لەو بارەوە.
ئەنجام
پڕۆسەی ئاشتی تورکیا و کورد یەکێکە لە کێشە ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،
بەهۆی تێکەڵبوونی ڕەهەندە نەتەوەیی و ئەمنی و ناوچەییەکانییەوە. سەرەڕای هەنگاوەکانی
ساڵی 2026، پڕۆسەکە بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانێکی قووڵی متمانە لە نێوان
ئەنقەرە و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
تورکیا پێش هەر کرانەوەیەکی سیاسی بەدوای گەرەنتی تەواوی ئەمنیدا دەگەڕێت،
لە کاتێکدا پەکەکە داوای پاراستنی یاسایی و ڕۆڵی سیاسی دەکات پێش ئەوەی بە شێوەیەکی
یەکلاکەرەوە دەستبەرداری توانا سەربازییەکانی بێت. لە نێوان ئەم دوو ڕوانگە دژبەیەکەدا،
پرۆسەکە لە دۆخێکی هەستیاردایە کە دەتوانێت ببێتە هۆی یەکلاییکردنەوەی قۆناغ بە
قۆناغ، یان چەقبەستوویی درێژخایەن، یاخود تەنانەت بەرەو پەرەسەندنێکی نوێ هنگاو
بنێت.
لە ژێر ڕۆشنایی ئەو دیمەنە ناوچەییەی کە بە خێرایی پەرەدەستێنێت،
توانای هەردوولا لە دروستکردنی متمانە وەک فاکتەری یەکلاکەرەوە دەمێنێتەوە بۆ دیاریکردنی
داهاتووی پرۆسەکە لە ماوەى داهاتوودا.
